٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی بەبۆنەی كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر حەبیب محەمەد كەریم

سەرچاوە: KDP.info

دوێنی هەواڵی دڵتەزێنی كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەرو ناسراوی گەلەكەمان حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشوتری پارتی دیموكراتی كوردستانمان پێگەیشت كە لە لوبنان بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی بەخشییە گەل و نیشتمانەكەی.

هەڤاڵ حەبیب محەمەد كەریم لە 16/12/1931 لە شارەدێی زرباتییەی سەر بە پارێزگای واست هاتۆتە دنیاوە، ساڵی 1939 لەگەڵ خێزانەكەی دەچنە بەغداو قۆناغەكانی خوێندن و زانكۆش هەر لە بەغدا تەواو دەكات.

 بەهۆی وابەستەبوونی بە كێشەی رەوای كوردستان و دۆزی نەتەوەیی ئەم تێكۆشەرە ناسراوە لە ساڵی 1952 دەچێتە كۆلیژی ماف، بەڵام بەهۆی چالاكی و كاری سیاسی كە ئەوكاتە لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری دەكرد ناتوانێت خوێندن تەواو بكات تاكو دوای گۆڕانكارییە ببنەڕەتییەكانی عێراق لە ساڵی 1959 بڕوانامەی پێدەدرێت.

هەڤاڵ حەبیب محەمەد كەریم یەكێكە لە كەسایەتییە سیاسیی و تێكۆشەرە دیارەكانی كوردستان و لە خانەوادەیەكی فەیلی پێگەیشتووە، بە هۆی لێوەشاوەیی و توانای لەسەركردایەتی كاری سیاسی ساڵی 1954 دەبێتە بەرپرسی رێكخستنەكانی پارتی لە بەغداو ساڵی 1956یش دەبێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و ساڵی 1964یش وەكو سكرتێری پارتی هەڵدەبژێردرێت تا نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئەم تێكۆشەرە لە پۆستی سكرتێری پارتی دەمێنێتەوە.

لە دوای راپەڕینی جەماوەری كوردستان و ئازادبوونی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان هەڤاڵ حەبیب محەمەد كەریم دەبێتەوە بەرپرسی راگەیاندنی پارتی و بۆ ماوەیەكی دیاریش وەكو سەرنووسەری رۆژنامەی برایەتی كاری سیاسی و رۆژنامەنووسی درێژە پێدەدات، دوای ئەوەش دەبێتە بەرپرسی دەستەی چاودێری و پشكنینی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان.

جێی باسە كاك حەبیب چ وەكو كوردێكی دڵسۆز و چ وەكو كەسایەتییەكی كوردی فەیلی رۆڵێكی بەرچاوو دیارییان لە نێو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و تێكۆشانی سیاسی بینیوەو یەكێك بووە لەو كەسانەی كاریگەری زۆریان لە نێو كۆمەڵگەی كوردستان و هەروەها كوردانی بەغداو خوارووی عێراق هەبووە له‌ هاندانی كورد لە پێناو مافەكانی لە بەغداو ناوچەكانی دیكەدا رۆڵی مێژوویی گێراوە بۆ یەكخستنی دەنگی كورد و سڕینەوەی هەموو ئەو شۆڤینییەتییەی دژی كوردی فەیلی لەلایەن دوژمنانەوە بەڕێوە دەبرا.

كۆچی دوایی ئەم سەركردەو پیاوە دیارەی كوردستان زیانێكی گەورەیە بۆ سەرجەم بزاڤی سیاسی لە كوردستان، بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە گشت هەڤاڵانی پارتی و خانەوادەی خوالێخۆشبێت دەكەین و لە خوای گەورەش داواكارین بەبەهەشتی شاد بكات.

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

31/7/2013

هەواڵی پەیوەندیدار