٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئوپەراسیونێكی زۆر گەورە لە دژی توركیا

سەرچاوە: KDP.info

مەحمەد قامیش

لە كاتێكدا كە حكوومەت و رای گشتی توركیا سەرقاڵی شەرمەزار كردنی كوودەتا سەربازییەكەی میسر بوو لە سۆمال هێرش كرایە سەر بالیوزخانەی وڵاتەكان و بە هۆیەوە چەند هاووڵاتی توركیا و سۆمال گیانیان لە دەست دا.

لە راستیدا ئەم هێرشە زۆر منی ترساند، ئەو نە گرنگ كە كێ ئەم هێرشەی پێكهێناوە یا بە ئەمری كێ ئەم هێرشە پێكهاتووە، ئەم هێرشە هێرشێكە كە راستەوخۆ سیاسەتی دەرەوەی توركیای بە تایبەت سیاسەتی توركیای لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كردووە ئامانج و هێرشێكە كە لە لایەن ئەو هێز و لایەنانەوە كە تاپۆی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە دەستی ئەواندایە كراوەتە سەر توركیا.

كاتێك كە سەیری بارودۆخی ناوچەكە بكەین هەست بە گۆڕانی هەڵوێستی دەوڵەتانی رۆژئاوا لە بەرامبەر رژیمی بەشار ئەسەد لە سووریا، كوودەتا سەربازییەكەی بەر چاوی رای گشتی لە میسر، گۆڕانكارییەكانی نێو دەسەڵاتی قەتەر و دواتریش دووبارە ئاڵۆزبوونەوەی بارودۆخی توونس دەكەن و تێدەگەین كە هێرشەكانی سەر بالێوزخانەی توركیا لە سۆمال تەنیا هێرشێكی گچكە نییە بەڵكو ئوپەراسیونێكی گەورە و بەرفراوانە لە دژی توركیا.

شەش مانگ لەمەوبەر توونس و میسر و لیبیا دیموكراتیزە كرابوون و لە سووریایش بۆ دیموكراتیزە كردنی وڵات دەست بە شۆڕش و راپەرین كرابوو، ئەی هۆكاری چی بوو كە بەهاری عەرەبی لە ماوەی شەش مانگدا بوو بە خەزان؟

توركیا كە لە بەرامبەر ئیسرائیل سەری خۆی بەرز كردەوە، بۆ گۆڕینی رژیمی سووریا دەستی بە هەوڵدان كرد، لەگەڵ دەسەڵاتی میسر خاوەن پەیوەندی باش و بەهێز بوو و لە توونسیش هاوكاری ئەو كەسانەی كرد كە بوون بە دەسەڵات تا بە پەلە دەست بە سازدانی هەڵبژاردن بكەن، ببوو وەكو ئەستێرەیەكی گەشاوەی ناوچەكە و بگرە هەندێك لە بەرپرسانی حكوومەتی توركیایش باسی ئەوەیان دەكرد كە توركیا دەیەوێ ببێتە ئیمپراتوریەتی نوێ عوسمانی. توركیا وردە وردە دەیەویست ببێت بە سەرۆكی ناوچەكە، بۆیە چەندین هێزی نێونەتەوەیی چە لە سەر ئاستی ناوچەكە و چە لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا ئەمەیان پێ خۆش نەبووە و نییە.

 

لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وەكو ناوچەیەكی گرنگ و سەرچاوەی ئابووری و ئایدوئولوژیای جیهاندا چەندین وڵات و هێزی سەرەكە پێیان خۆش نییە كە توركیا لە ناوچەیەكی بەمجۆرەدا ببێتە خاوەن هێز و پێگە چوونكە پێیان وایە كە توركیا دەبێتە هۆكاری مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی وەكو ئیسرائیل. ئەو وڵات و هێزانە لە ئابووری بەهێز، سوپای بەهێز و سیاسەتی سەركەوتووی توركیا ترسان، بۆیە ئەو كەسانە كە بە خوێن میلیونها كەس نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان كێشاوە ئامادە نین كە لە ناوچەیەكدا كە سەرچاوەی ئابووری جیهانە وڵاتێك وەكو توركیا ببێتە خاوەن هێز و پێگە. هێرشەكانی سەر بالێۆزخانەی توركیا لە میگادیشۆ جۆرە ئاگادار كردنەوەیەكە بۆ توركیا.

لە را ستیدا توركیا لە كاتی دەستپێكردنی بەهاری عەرەبییەوە لە ناوچەكەدا دەستی بە جمووجۆڵ و بەرفراوانتر كردنی بازنەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی كردبوو و لە بەرامبەر دوو رووتی و سیاسەتە دووروویانەكانی وڵاتانی رۆژئاواییدا توركیا نارەزایەتی خۆی دەربڕی بوو و رەخنەی لە زل هێز و وڵاتانی رۆژئاوایی دەكرد و ئەم هەڵوێستەی توركیایش بە دڵی زل هێز و دەوڵەتانی رۆژئاوایی نەبوو.

مافی خۆمانە كە سەبارەت بە هێرشەكەی سۆمال رەخنە لە هێزە دەرەكییەكان بگرن بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت كە هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە گۆڕانیان بە سەردا هاتووە و چەندە رەخنە لە دوورووتی رۆژئاوا و دەوڵەتانی رۆژئاوایش بگرین هێشتا هەر كەمە بەڵام پێویستە دان بە هەڵەكانی خۆمانیشدا بنین بۆ ئەوەی بتوانین كە پێشی دووبارە بوونەوەی هێرشەكەی سۆمال بگرین. لەم بارەیەوە من لە 27ی حوزەیرانی ساڵی 2012دا بابەتێكم نووساندبوو و ئاماژەم بەوە كردبوو كە پێویستە توركیا لە سیاسەتی دەرەكی خۆی بە تایبەتی لە سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا گۆڕانكاری بكات و نابێت سیاسەتی دەرەكی توركیا لە چوارچێوەی سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاواییدا بێت، چوونكە ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناویندان و بەشێكن لەم ناوچەیە و خەڵكانی ناوچەكەیش، عەرەب، ئەرمەنی، فارس، كورد، باڵكان و رووسیایش دەراوسێ ئێمەن بۆیە پێویستە توركیا سیاسەتێك پەیڕەو بكات كە سەرەتا ئاگای لە بارودۆخی دەراوسێكانی خۆی بێت. چوونكە توركیا خاوەن پەیوەندی مێژووییە لەگەڵ ئەم خەڵكانەدا و ناكرێت بە هۆی هاوسەنگییە سیاسییەكانەوە ئەم پەیوەندییانەی خۆی لاواز بكات. چوونكە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دوو جۆرە سیاسەت پەیڕەو دەكرێت: یەكەم سیاسەتی ئەمریكایە كە سیاسەتی زۆرە و ئەمریكا بە زۆری سەربازی دەیەوێ گۆڕانكاری بكات و دەسەڵات و كاریگەری خۆی لە سەر شوێنەكانی دیكەدا بسەپێنێت. سیاسەتی دووەمیش سیاسەتی ئینگلیزە، ئینگلیزەكان هەر شتێك دەكەن، پلان بۆ هەر جۆرە یارییەك دادەنن و هەر جۆرە پرۆژەیەك جێبەجێ دەكەن و ئەنجامیشی لێوە وەردەگرن بەڵام هیچ كەس ئینگلیزەكان لە نێو مەیداندا نابینێت. تا ئەمرۆ توركیا لە نێوان ئەم دوو سیاسەتەدا هاتووچۆی كردووە و ئەنجامی ئەم هاتووچۆیەیش ئەوەیە لە سۆمال بینیمان. بۆ ئەوەی كە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەبنەوە پێویستە توركیا سیاسەتی دەرەكی خۆی بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بگۆرێت و بەرەژوەندییەكانی دەراوسێكانی خۆی و پەیوەندییە مێژوویەكانی خۆی لەگەڵ دەراوسێكانیدا رەچاو بكات.

سەرچاوە. زەمان

 

هەواڵی پەیوەندیدار