٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

فازڵ میرانی: نابێ له‌ عێراقدا هیچ لایه‌نێك له‌ رێگه‌ى دیموكراسى لابدات

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌مرۆ دووشەممە 25/6/2012 له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ سه‌لاحه‌ددین فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوازى له‌ كرێس باوه‌رس كۆنسوڵى گشتى بریتانی له‌ هه‌ولێر و شاندى یاوه‌رى كرد.

له‌ دانیشتنێكدا فازڵ میرانى تیشكى خسته‌سه‌ر ره‌وشى ئه‌مرۆى كوردستان به‌ تایبه‌تى و عێراق به‌ گشتى و ئه‌و قه‌یرانى سیاسیه‌ى كه‌ له‌ عێراق هه‌یه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ میرانى ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانى دیموكراسى بۆ لێساندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ نورى مالكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ عێراق نابێت هیچ لایه‌نێك له‌ رێگاى دیموكراتى لابدات و ده‌ستورى عێراقى فیدراڵ ده‌بێت حاكم و مه‌رجه‌عى سه‌ره‌كى بێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنى هه‌ر ئاریشه‌یه‌ك.

هه‌روه‌ها میرانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ سه‌ركردایه‌تى كوردستان ناڵێت مالیكى دیكتاتۆره‌، به‌ڵام ده‌ڵێت سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێستاى عێراق به‌ تاكڕه‌وى و دوور كه‌وتن له‌ هه‌ر رێكه‌وتنێك و زاڵكردنى ده‌سه‌ڵاتى خۆى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا حوكمرانى ده‌یكات و ئه‌مه‌ بیرۆكه‌یه‌كى ترسناكه‌ له‌ عێراقى تازه‌دا.

میرانى دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى له‌ ناو كاروبارى ناوخۆى عێراق زاڵه‌ و ده‌وڵه‌ته‌كانى هه‌رێمى ئه‌جینداى خۆیان هه‌یه‌ له‌ عێراق كه‌ وڵاتێكه‌ پڕه‌ له‌ كه‌سانى لێهاتوو و خاوه‌ن شیان و هاوپه‌یمانى نیشتمانیش ده‌توانێت كه‌سانێكى دیكه‌ له‌ شوێنى سه‌رۆك وه‌زیران دابنێت و ئه‌مه‌ ئستحقاقى هاوپه‌یمانى نیشتمانییه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى فیدراڵ.

له‌ لاى خۆیه‌وه‌ كرێس باوه‌رس  كۆنسوڵى گشتى بریتانیا رۆڵى گه‌لى كوردستان و حكومه‌تى هه‌رێم و هێزه‌ سیاسیه‌كانى كوردستانى به‌رز نرخاند هه‌ر له‌ به‌شداریكردنیان له‌ رووخاندنى رژێمى پێشووى عێراق و دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ى وڵات و به‌ره‌وپێشبردنى دیموكراتیه‌ت و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ، هیواشى خواست گه‌ل و هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ پێشكه‌وتندا بێت.

شایانى باسه‌ مسته‌ر سیمون سكرتێرى سیاسى كونسۆڵگه‌رى بریتانیا و مونا شه‌مسه‌دین  سكرتێرى كونسوڵگه‌رى بریتانیا ئه‌ندامانى شاندى كونسوڵگه‌رى گشتى بریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى دیداره‌كه‌ بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار