نوێنەری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە وڵاتی یۆنان، : گرنگە هەرێم نوێنەرایەتیی خۆی لە یۆنان بكاتەوە
نوێنەری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە وڵاتی یۆنان، دەڵێت كە گرنگە حكوومەتی هەرێم بیر لە كردنەوەی نووسینگەیەك لەو وڵاتەدا بكاتەوە.
(د.سەربەست زاخۆیی) لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی “هەولێر”، گوتی كە وڵاتی یۆنان لە پاش كارەساتی ئەنفال و لە سەرەتای ساڵی 1990ـەوە، دەرگەی بۆ كوردەكان كراوە بووە و بە هەزاران كورد روویان لەو وڵاتە كردووە، چونكە “دەروازەی یەكەمی ئاسیایە بۆ ئەورووپا و ترانزیتە.”
لە بارەی كوردەكانیش لەو وڵاتەدا، گوتی: “لە ئێستادا نزیكەی 15 هەزار كورد لە یۆنان دەژین، بەشێكی زۆری ئەوانە خێزانیان پێك هێناوە و لە 1995ـەوە لەو وڵاتەدا نیشتەجێن.” (زاخۆیی) هەروەها دۆخی ئەو كوردانەیشی لە ئێستادا بە خراپ زانی و گوتی كە بە هۆی ئەو دۆخە ئالەبارە ئابوورییەی یۆنان تێی كەوتووە، كوردەكان لە بارێكی ناهەمواردان.
روونیشی كردەوە: “ئەو تەنگژە ئابوورییەی رووی لە یۆنان كردووە و چەندین كۆمپانیا و بانك و نووسینگەی كاری بە داخستن داوە، كاریگەریی لەسەر هاووڵاتیانی یۆنانی و پەنابەران و كوردەكانیش كردووە، چونكە ئیشوكار كەم بووە و پارە بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات.”
هەرچی لەمەڕ وەبەرهێنانی یۆنانییەوەیە لە هەرێمی كوردستاندا، (زاخۆیی) هێمای بۆ تۆماركردنی زیاتر لە 20 كۆمپانیای یۆنانی لە هەرێمدا كرد و گوتی: “یۆنانییەكان دەیانەوێت بێن لە كوردستاندا وەبەرهێنان بكەن و نزیكەی دوو ساڵیش دەبێت دەستیان پێ كردووە.”
نوێنەری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە وڵاتی یۆنان، كردنەوەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی لە وڵاتی یۆناندا بە “پێویست” ناو برد و ئاماژەی دا: “ئەگەر حكوومەتی هەرێم نووسینگەی خۆی لە یۆنان بكاتەوە، زۆر گرنگ دەبێت، چونكە یۆنان یەكەم دەروازەی ئاسیایە بۆ ئەورووپا و جگە لەوەیش یۆنان هێزێكی سەربازیی گەورەیە لە بەڵقان و بۆ كوردیش گرنگە.”


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

