پارتی و ئەوانی دی

کەریم قادر
لە ئامانجی دامەزراندن و شێوازی کارکردنیدا، پارتی لە سەرجەم پارتەکانی دیکەی کوردستان جودایە. پارتی بۆ دژایەتیکردنی هیچ پارتێکی دیکەی کوردستانی دانەمەزراوە، پێویستییەکی قۆناغەکە بوو، واتە زەرورەت دروستی کردووە. لەو کاتەی دامەزراوە بە پێی پێویستی قۆناغەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە هەموو جۆرەکانی خەباتی سیاسی و چەکداری تاقیکردۆتەوە. لەو کاروانەشدا کەوتن و هەڵسانەوەی زۆری بینیووە، روبەڕووی کودەتا و پیلانی زەوەند بۆتەوە.
کە ئامانجەکە پێویستی بە خەباتی چەکداری بووبێت، بێ دوودڵی کردوویەتی، لەو رووەشەوە داستانە بەرگرییەکانی لە ژمارە نایەن، لە هەموویان بەناوبانگتر، داستانی هندرێن و شارستێن و خواکوڕەکن. هەر یەک لەو سێ داستانە هۆکار و مەبەست و دەسکەوتی خۆیان هەبووە.
پارتی، تا جێ پێی خۆی دیاری نەکات یەک هەنگاویش نانێت، لەگەڵیدا لێکەوتەکانیشی بە تەرازووی بەرژەوەندی نەتەوەیی هەڵدەسەنگێنێ. هەر بۆیە توانای زاڵبوون و گۆڕینی هەموو دۆخێکی هەیە.
| پارتی، تا جێ پێی خۆی دیاری نەکات یەک هەنگاویش نانێت |
ئێستاش، کە سەردەم گۆڕاوە، هەندێجار سەدەی بیستویەک بە سەدەی کورد ناودەبرێت، لەو ناوبردنەدا پارتی پشکی شێری بەردەکەوێ، چونکە توانی لەو ناوچە ئاڵۆزەدا ئەزمونێکی سەرکەوتوو پێشکەش بکات و کوردستان بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی. هەر بۆیە هیچ کۆڕبەندێکی ئابووری بێ بانگهێشتی فەرمی نوێنەری کوردستان لە جیهاندا بەڕێوەناچێ.
پارتی، بۆ هاوتەریبکردنی دۆخی ناوخۆ و دەرەوە و زیاتر ناساندی کوردستان بە هەموو توانایەکیەوە کار دەکات بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی سەقامگیر و دادپەروەر، نەک لەرزۆک. هەر بۆیە فەرامۆشکردنی هیچ پارتێکی کوردستانی لە پرسە نیشتمانیەکاندا پێ قبوڵ ناکرێ. واتە ناکرێ هیچان خۆیان بە نامۆ بزانن.
پارتی، لە حکومڕانیکردن و بەڕێوەبردندا بڕوای تەواوی بە بەشداری هەمووان و کۆدەنگی نیشتمانی هەیە. خۆ ئەگەر خەباتی شاخ بە پێوەر وەربگرین، زۆر لەو پارتانەی، کە ئۆپۆزیسیۆن بە نەبوو سەیریان دەکات و نایەوێ لە تاوتوکردنی پرسی پرۆژەی دەستووری کوردستان بەشدار بن، لە خۆیدا حکومدانێکی تاکڕەوانەیە و بی بەهاکردنی شەهید و قوربانی ئەو حزبانەیە. بەڵام لەسەر ئەو بڕوایەی دەستوور تەنها موڵکی حزبی حکومڕان و ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکو موڵکی گەلێکە و قەبارەی قوربانیەکانی شایستەی ئەوەیە ببێتە خاوەن دەستوورێک، کە سەقامگیری بێنێتە ئاراوە، پارتی دەیەوێ هەمووان بەشدار بن، نەک هەر دوو سێیەک.
| پارتی، لە حکومڕانیکردن و بەڕێوەبردندا بڕوای تەواوی بە بەشداری هەمووان و کۆدەنگی نیشتمانی هەیە. |
بە مانایەکی دیکە پارتی خۆی بە حکومڕان دانانێ، بەڵکو خزمەتگوزاری میللەت و پرۆسەی دیموکراسی کوردستانە. ئەوەشی بە خواهیشتی خۆی هەڵبژاردووە نەک لە ژێر هیچ گوشارێکدا. ئەو هێزەی پارتی هەیەتی سەرچاوەکەی میللەتە و لە ئاسمان بۆی نەهاتۆتە خوارێ. واتە کاروکردەوەکانی بوونەتە هێز. لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای بە بۆچوونی جیاواز هەیە و وەک هێزێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە لێی دەڕوانێ. بۆیە دەیەوێ سەرجەم پارتەکانی کوردستان تاوتوی تێبینی و پێشنیارەکانی پارتەکان بکەن، کە پێنجشەممەی رابردوو بەڕێز سەرۆکی کوردستان بە نامەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کرد. ئەم هەنگاوەش لە خۆیدا بە یەکچاو سەیرکردنی هەمووانە و کارکردنە بۆ سازانی نیشتمانی، نەک پرەنسیپی هەر من و بەس، دەنا تێکی دەدەم و ئاژاوە دەنێمەوە، وەک ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆی تێدەکۆشێ و بانگەشەی بۆ دەکات. ئاخر میللەت تا سەر ئەو جەنەگرتنەی پێ قبوڵ ناکرێ و نایەوێ بە ناوی ئەوەوە بۆ خاتری خۆیان ئاسودەیی لێ تاڵ بکەن. چونکە زۆرینەی گەلی کوردستان لەگەڵ ئەوەدان لە پێناو ئەو سازانە نیشتمانییەی دەهۆڵی بۆ دەکوترێ هەمووان لەو تاوتوکرنە بەشدار بن.




