٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

فەرموون، ئەمە دەرفەتێکی دیکەش بۆ کۆ دەنگی نیشتیمانی

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

ئەوەی تۆزێک لە ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندی حزبایەتی و سیاسەتی خەریکردنی رای گشتی بە شتە لاوەکییەکان دوور بکەوێتەوە، ئەم دەرفەتە لە پێناو پەرەپێدانی کوردستان و ئاژۆتنی رەوشی سیاسی بەرەو ئاقارێکی باڵاتر لەم قۆناغەی هەیە، دەقۆزێتەوە. مەسەلەی دەستور کرایە خاڵی سەرەکی و ستراتیژی لە سیاسەتی رۆژانە و هەتا لاوەکی هەندێک لایەن، ئەوان خاڵی  سەرەکی و ستراتیژی دەستوریان لە ستراتیژیەتی پێگە و دەسەڵات و کەسایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قالب دا و وایان لێکدایەوە کە ئیدی کوردستان و پرۆژەی دەستور کێشەیەکی نیشتیمانی نییە، تەنیا مەسەلەیەکە بۆ سەرۆکایەتی و ئەو پێگەیە نەبێت.

رۆژی پێنجشەممە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٣ سەرۆک بارزانی لە هەنگاوێکی دیکەی گرینگ و نیشتیمانی لە پێناو چەند ئامانجێک هەموو نامە و تێبینی لایەنە سیاسییەکانی لەمەڕ پرۆژەی دەستور رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد، لەپێناو بەدواداچوون و هەماهەنگی و دروستکردنی کۆدەنگی،  ئەمەشی لە پێناو دەربازکردنی کوردستانە لە کێشەیەک کە بەرەو دابەشبوونی هێز و لێکدوور کەوتنەوەی رایە سیاسییەکان  دەچوو. دەکرێت ئامانجە گرینگەکانی ئەم هەنگاوە لە چەند خاڵێک لێکبدرێنەوە.

ئەوان خاڵی  سەرەکی و ستراتیژی دەستوریان لە ستراتیژیەتی پێگە و دەسەڵات و کەسایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قالب دا

یەکەم- بڕوا بوون و رێزگرتن و بەشداریکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکانە لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان لەو کێشانەی ستراتیژن لەسەر بەنەمای  یەکدەنگی و  یەکهەلوێستی نیشتیمانی دەبێت.

دووەم- پرۆسەی یەکلاکردنەوەی پرۆژەی دەستور، پێویستە لە رێگەی یاسا و بەپێی عورفی یاسایی بەرەو کۆتایی بچێت.

سێیەم- سەرۆک بارزانی خۆی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردبوو، تێبینی و بۆچوونەکانیان دەربارەی دەستور ئامادەبکەن و بۆی بنێرن. ئەویش ئەم مەسەلەی ناردۆتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، تاکو لەوێ قسە لەسەر لایەنە دەستورییەکە بکرێت، ئەمەش پەیوەستە بەسەروەری پەرلەمان وەکو دارێژەی یاسا و بڕیارەکان لە کوردستاندا.

چوارەم- کەواتە وەکو هەندێک دەیانویست رێگە بەرووی تێکگەیشتن و هاوکاری و هەماهەنگی دابخەن، دەرگا گەورەکەی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری کێشەکان، وەکو هەمیشە ئومێد بەخش و هەروەها گەڕانەوە بۆ دیموکراسی و هاوسەنگی و بیناکردنی کۆدەنگییە.

ئەمە هەنگاوێکی دیکەی چوونە پێشەوەیە، بۆ لێکتێگەیشتن و دەرفەت دان بە لایەنەکان بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان

کەواتە، ئەو کەشەی دەربارەی پرۆژەی دەستور  هەندێک وەکو پروپاگەندەی سیاسی بەکاری دەهێنن، لەم دەستپێشخەرییەی سەرۆک هەرێمی کوردستان کەبریتییە لە  رەوانەکردنەوەی نامەی لایەنەکان بۆ پەرلەمان، هەنگاوێکی دیکەی چوونە پێشەوەیە، بۆ لێکتێگەیشتن و دەرفەت دان بە لایەنەکان بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان. بۆیە ئاساییە ئەو کەشوهەوایەی بۆ روپاگەندە دروستکراوە، ئاساییە دوچاری چەقین و تەنگەژە بێت. رەنگە ئەو فشارەی تا دوێنێ لە دژی سەرۆکی هەرێم ئاراستە دەکران، ئیدی دوور نییە پێچەوانە بێتەوە. هەرچەندە لە دەستپێشخەرییەکە لە پێناو ستراتیژی کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانە، بەڵام لە کردەوەدا هیچ تەبریر و هۆکارێک بۆ داژیەتی پرۆژەی دەستور هێزی شەرعیەتی نامێنێت. کەواتە ئەو هەنگاوانەی لە خزمەتی نیشتیمان و پێشکەوتنی کوردستان دایە، لەبەر ئەوە پێویستە ئۆپۆزسیۆن بە دیدگایەکی ئیجابی و لایەنە سیاسییەکان هەم تێیدا بەشداربن و هەمیش کۆدەنگی سیاسیان ئەو دڵەڕاوکێ و نیگەرانیانە بڕەوەێنێتەوە کە بانگەشەی بۆ دەکرێت.

لایەنی گەشی پرۆسەکە لەوەدایە کاردانەوەی توندتیژانە و پێشێلکاری لە هەنبەر رادەربڕینی ئازادنە رووی نەداوە.

گرینگ جارێکی دیکەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیگەرانییەکانی سڕاندەوە و دەرگایەکی گەورەتری لە بەردەم هەنگاوەکان کردەوە. ئیدی لێردەدا نیەت و هیمەتی سیاسی و بەرنامەی هەر لایەنێک چاکتر  دەردەکەوێت. ئایا مەسەلە سەرەکییەکە بزمارەکەیە یاخود سندانەکە. راستە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان چەکوشی خۆیان بەرزکردۆتەوە، کارێکی ترسناک دەبێت ئەگەر جارێکی دیکە هەر لایەنە و بیەوێت بێ تێڕوانین و سێرەلێگرتن، بە خراپی چەکوشەکەیان بوەشێنن.

پیادەکردن و بڕوا بوون بە پرەسنیپی دیموکرسی و گوێگترن لەیەکتر بە هێمنی و لە چوارچێوەی رێزگرتنی جیاوازییەکان بەرێوەدەچێت، هەموو قسەی خۆیان کرد لەهەندێک حالەتیشدا سنورە شەخسییەکانیشی تێپەراندووە، بەڵام لایەنی گەشی پرۆسەکە لەوەدایە کاردانەوەی توندتیژانە و پێشێلکاری لە هەنبەر رادەربڕینی ئازادنە رووی نەداوە. هەورەها لایەنەکان ئەگەر هەندێک پێش رووداوەکانیش کەوتبن، رای خۆیان و سیاسەتی تاکلایەنە و هەتا تێکەڵکردنی بابەتەکانیشیان بە راشکاوی نیشان دا.

هەندێک بانگەشەی گەڕانەوە بۆ سەردەمە خراپەکانی سەرهەڵدانی شەڕ و توندبوونی ناکۆکیان کرد، بەڵام ئەم هەنگاوەی سەرۆک بارزانی هەموو ئەو لێکدانەوە و بۆچوونانەی کردە بڵقی سەر ئاو و پاشە کشەکردنی لە دیموکراسیەت و پێشکەوتنی کوردستانی پتەو تر کردەوە.

راستە لایەنەکان بە گەرمی لە یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و بزوتنەوەی ئیسلامی پێشوازی و هاوکاری ئەم دەستپێشخەرییە تازەی (سەرۆک بارزنی) یان نیشان دا، کاردانەوەکان لەرووی جەماوەری وسیاسی لە ئاستی کوردستان  ئیجابین و ئومێدێکی دیکە و هیمەتێکی نوێی بەخشییەوە پرۆسەی سیاسی، گەشەکردن و پێشکەوتن لەوەدا دەبێت ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لە ئۆپۆزسیۆن و ناوەند و  دەسەڵات لە رۆژانی هاتوو بە ئیجابی ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و بیکەنە بۆنەیەکی سیاسی لە پێناو چەسپاندنی بەکردەوەی کۆدەنگی و هەماهەنگی بۆ دەربازبوون لە کێشەی پرۆژەی دەستور و چوون بەرەو هەڵبژاردنێکی شەفاف و دیموکراسی.

یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و بزوتنەوەی ئیسلامی پێشوازی و هاوکاری ئەم دەستپێشخەرییە تازەی (سەرۆک بارزنی) یان نیشان دا، کاردانەوەکان لەرووی جەماوەری وسیاسی لە ئاستی کوردستان  ئیجابین

با هەموو لایەنەکان لە پێناو کۆدەنگی بیر لە بزمارەکە و سندانەکە بکەنەوە.. پێش ئەوەی چەکوشەکانیان بوەشێنن.. ئەمە دەرفەتێکی گرینگە، چونکە کات لە بەردەم هەڵبژاردنەکان و چارەنووسی پرۆژەی دەستور بەخێرایی دەڕوات. کەواتە هەموو لایەنەکان فەرموون، بارزانی دەرفەتێکی دیکە و دەستپێشخەرییەکی نوێی ئەنجام دا، دە ئێوەش هەنگاوەکان لە رێی کۆدەنگی و یەکبوون و تێکگەیشتن بەرەو بەرژەوەندی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک و پێشکەوتنی ئەم هەلومەرجە ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسییەی بۆ کوردستان هەڵکەوتووە، بە ئیرادەتر بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار