٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەهاری توركی

سەرچاوە: KDP.info

عەبدولحەمید بلیجی

كێ مەزەندەی ئەوەی دەكرد كە ئەو پروتستو گچكانەی مەیدانی تەقسیم كە بۆ برینی دارەكان ئورگانیزە كرابوون، ئەوەندە بەرفراوان ببن و مەیدانی تەقسیمی توركیا بكەنە وەكو مەیدانی تەحریری مێسر و توركیا لەم چەند رۆژەدا ببێتە رۆژەڤی سەرەكی میدیای جیهانی؟

لە كاتێكدا كە لە زۆربەی هەرە زۆری گەڕەكەكانی ئەستەنبۆڵدا بینا و باڵاخانەی زەبەلاح دروست دەكرێت و بۆ دروست كردنی ئەم بینا و باڵاخانانەی روبەرێكی یەكجار باش سەوزایەتی لە ناو دەبرێت و چەندین داریش دەبردرێن، كەس دەنگی خۆی ناكات بەڵام لە پاركی گەزی بە هۆی برینی دارێكەوە ئەو هەموو خۆپیشاندان و ئاڵۆزییە هاتووتە ئاراوە. لێرەدا لە نێوان هۆكار و دەرئەنجامدا ناكۆكییەكی یەكجار گەورە هەیە و ئەمەیش نیشانەی تەقینەوەیەكی مەترسیداری كۆمەڵایەتییە و هەر كەس هەوڵ بۆ زانینی هۆكاری ئەم تەقینەوە كۆمەڵایەتییە دەدات.

وەكو عادەتی هەرجار لە توركیا، سەرەتا هەركەس هۆكاری ئەم تەقینەوەیە بۆ پلان و پلانگێڕی دەرەكی دەگەڕێندرێتەوە، ئەگەر لە پشتەوە سەیری ئاراستەی رووداوەكان بكەن و بۆ خۆمان دەست بە دانانی تێوەری پلان و پلانگێڕییەكان بكەین ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانین هۆكاری ئەم تەقینەوەیە ئاشكرا بكەین، بەڵام راستی مەسەلەكە بەمجۆرە نییە.

ئەگەر بەڵگە و زانیاری پشتراست كراو لە بەردەستماندا هەبن ئەوا دەتوانین هۆكاری سەرەكی ئەم خۆپیشاندانانە كە زیاتر لە 9 رۆژە توركیایان ئاڵۆز كردووە دەستنیشان بكەین. بەڵام ئەگەر بەڵگە یا خۆ زانیارییەكی بەمجۆرە هەبووبایا ئەوا ئیستیخبارات و هێزە ئەمنییەكان ئاگاداری مەسەلەكە دەبوون و لە كاتە ساتی پێویست دا لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ئاگادار دەكردەوە و ئەوانیش بەر لەوەی مەسەلەكان ئەوەندە گەورە و ئاڵۆز ببن رێوەشوێنی پێویستیان وەردەگرت.

هەندێك كەس و لایەن باسی ئەوە دەكەن كە هێزە ئەمنییەكان و ئیستیخبارات پێشتر ئاگاداری روودانی تەقینەوەیەكی كۆمەڵایەتی بەمجۆرە بوونە بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ئاگادار نەكردووەتەوە، هەر چەند لە توركیا شتی لەم چەشنە زۆر دەگوترێت بەڵام ئەگەر ئەمە راست بێت و لایەنە ئەمنییەكان پێشتر ئاگاداری شتی بەمجۆرە بوونە بەڵام لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادار نەكردووەتەوە، ئەمە زۆر مەترسیدارە و مانای زۆری هەیە.

سەرۆك وەزیری توركیا بەر لە سەردانی خۆی بۆ وڵاتی فاس، ئاماژەی بەوە كرد كە حكوومەت دەستی بە لێكۆڵینەوە لە سەر هەبوون یا نەبوونی دەستی چەند لایەنێك لە پشتەوەی ئەم رووداوانە كردووە.

راستە پێویستە حكوومەت دەست بە لێكۆڵینەوە بكات بەڵام نازانم ئایا هیچ ئەنجامێك لەم لێكۆڵینەوانە بەدەر دەكەوێت یا نا؟ ئەگەر بێت و دەستێكی دەرەكی یا ناوخۆیی لە پشت ئەم رووداوانەوە بێت ئەوا پێویستە دەوڵەت زۆر بە خێرایی ئەم دەستە ئاشكرا بكات.

با واز لە بواری پولیسی و ئیستیخباراتی مەسەلەكە بهێنن و بواری دیكەی ئەم مەسەلەیە شرۆڤە بكەین. سەرەڕای پێشكەوتن و بۆژاندنەوەی باشی ئابووری توركیا و دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و مەسەلەی دیموكراتیزە كردنی توركیا، بەڵام دیارە كە توركیا لە رووی كۆمەڵایەتییەوە رووبەرووی قەیرانێك بووەتەوە یا خۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە هۆكاری كۆبوونەوەی رەق و كینێك لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی توركیادا.

لەم چەند ساڵەی دوایی، پارچە بوون و دابەش بوونی كۆمەڵایەتی لە توركیا پەرەی سەندووە و تاك رەوی گەیشتووتە ئاستی هەرە بەرزی خۆی و ئوپوزسیونیش لاواز و بێدەنگە و مەسەلەكانی وەكو سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر سووریا، كۆرتاژ، قەدەغە كردنی كهولیات و چەندین مەسەلەی دیكە بوونەتە هۆكاری نەمانی ئوقرەی كۆمەڵگە.

لە كەشو هەوایەكی بەمجۆرەدا ئەگەر كەسێك لە دەرەوە بێت یا خۆ ئەگەر خۆمان بە وردی گوێ لە گوتاری سەرۆكی پارتەكان و سەرۆك گرووپەكانی نێو پەرلەمانی توركیا بگرین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەم رووداوانە بە هیچ شێوەیەك نیشانەی خەیر نین.

سەرۆكی راوێژكارانی سەرۆك وەزیری توركیا یاڵچین ئاقدوغان لە چەند رۆژی رابردوو لە كۆنفرانسێكدا كە بە بۆنەی 10 ساڵەی دەسەڵاتی ئاكەپەیەوە ساز كرابوو وتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: ئاكەپە پارتییەكی ئیسلامگەرا نییە و سیاسەتی ناسنامەیش ناكات، بەڵكو شەمەندرەفەری ئەو چین و توێژانەیە كە دوای دیموكراسی دەكەنز

باشە با وابێت و ئێمە وا بزانین كە ئاكەپە شەمەندەرفەری چین و لایەنە دیموكراسی خوازەكانی توركیایە، بەڵام ئەو كەس و لایەنانەی كە دوێنێ دەنگیان بە ئاكەپە داوە ئەمرۆ نیگەرانن و نازانن كە ئایا لە جیاتی وەسایەت و دەسەڵاتی سوپا كە لە لایەن ئاكەپەیەوە لاواز كراوە، دەسەڵات و وەسایەتێكی چۆن لە سەر توركیا فەرز دەكرێت؟ ئایا ئەو سیستەمە نوێیە كە ئاكەپە هەوڵ بۆ جێبەجێ كردنی دەدات چەندە دیموكراتیكە؟ ئایا هەڵوێستی دیموكراتییانەی ئاكەپە لە دوای جێبەجێ كردنی ئەو سیستەمە بەردەوام دەبێت یا نا؟

لە رۆژی كۆتای كۆنفرانسەكەی ئاكەپەدا خەڵك لە ئەستەنبۆڵ دەستی بە خۆپیشاندان كرد و میدیا و ئاژانسە ناودارەكانی جیهان لە ژێر ناوی : خەڵكی توركیا لە دژی دەسەڵاتی ئوتوریتەر دەستی بە خۆپیشاندان كرد، چەندین هەواڵ و راپۆرتی لە سەر خۆپیشاندانەكانی توركیا بڵاو كردەوە. ئەو ئاكەپەیە كە دەگوترێت شەمەندەرفەری چینە دیموكراسی خوازەكانی توركیایە، وای كرد كە خۆپیشاندانەكانی توركیا ئەوەندە پەرە بستێنن كە ئەمریكا، ئەورووپایش بێنە دەنگ و دوای رێز گرتن لە مافی خۆپیشاندەرەكان و ئازادی رادەربڕین بگیردرێت و سووریایەك كە بۆ خۆی لە نێو شەڕی ناوخۆییدا نۆقم بووە داوا لە هاووڵاتییانی خۆی دەكات كە بە هۆی ئاڵۆز بوونی بارودۆخی توركیاوە سەردانی توركیا نەكەن.

باشە دوای ئەو هەموو خۆپیشاندان و ئاڵۆزییانە، خەڵك لە سەر داواكارییەكانی خۆی سوورە و سەرۆك وەزیری توركیایش لە سەر داواكارییەكەی خۆی سوورە و دەڵێت لە پاركی گەزی مزگەوت دەروست دەكەم. نازانم ئاراستەی رووداوەكان بەرەو كوێ دەروات. ئەگەر بێت و لەم رووداوانە كە بوونەتە هۆكاری زەرە و زیانێكی یەكجار گەورە بۆ توركیا وانە و ئەزموونی باش وەربگیردرێت ئەوا ئەم رووداوانە دەبنە دەرفەت و هەڵێك بۆ توركیا، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبێت چاوەروانی شتی دیكەیش بكەین.

سەرچاوە. زەمان

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار