داهاتووی ئەسەد و ناوچەكە لە دوای سەردانی ئەردۆغان
نووسەر: عەبدولقادر سەلڤی
سەردانی ئەم دوایەی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان بۆ ئەمریكا و چاوپێكەوتنە چەند كاتژمێریەكەی لەگەڵ ئوبامادا زۆر جیاواتر و گرنگتر لە سەردانەكانی رابردوویە. چوونكە لەم سەردانەدا تەنیا مەسەلەی سووریا یا خۆ مەسەلە ناوخۆییەكانی توركیا گفتووگۆ نەكران بەڵكو باوردۆخی ناوچەكە بە گشتی خراوەتە بەرباس، مەسەلەی رژیمی بەشار ئەسەد، قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا، دانووستاندن لەگەڵ پەكەكە و پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ بەغدا و باكووری عێراقیشدا گفتووگۆیان لە بارەوە كراوە.
سەرەتا باسی مەسەلەی سووریا و رژیمی ئەسەد كراوە، لەم بارەیەوە سەرۆك وەزیری توركیا و سەرۆكی ئەمریكا زۆر بە راشكاوانە ئاماژەیان بەوە كردووە كە پێویستە رژیمی بەشار ئەسەد لە سووریا نەمێنێت و بە خێرایی كۆتایی بە خوێن رێشتن لەو وڵاتە بهێنرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا بریار دراوە كە لە دوای سەردانی خۆی بۆ غەززە، سەرۆك وەزیری توركیا رەجەت تەییب ئەردوغان سەردانی رووسیایش بكات و سەبارەت بە بارودۆخی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی رووسیایشدا كۆ ببێتەوە.
بێگومان پەیامە هاوبەشەكەی ئوباما و ئەردوغان سەربارەت بە رژیمی بەشار ئەسەد كە وتبوویان پێویستە رژیمی بەشار ئەسەد نەمێنێت، كاریگەرییەكی یەكجار گرنگی لە سەر هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە دەبێت. هەر چەند ئەنجامەكانی ئەم پەیامە لە شەو رۆژێكدا وەدەر ناكەون بەڵام ئەوەی دیارە ئەمەیە كە ئەردوغان و ئوباما بۆ سەپاندنی ناوچەیەكی دژە فڕین لە سووریا پێكهاتوونە و بەمجۆرە دەیانەوێ بەبێ دەستوەردانییەكی سەربازی رژیمی بەشار ئەسەد ناچار بكەن واز لە دەسەڵات بهێنێت. ئوباما و ئەردوغان گەیشتوونەتە ئەو بریارە كە دەبێت ئەسەد بروات بەڵام بریاری ئوباما و ئەردوغان بۆ رۆیشتنی ئەسەد بریارێكی یەكەڵاكەرەوە نییە بەڵكو رووسیایش دەبێت لەم روویەوە رازی بكرێت بۆیە بۆ رزای كردنی رووسیا بریارە سەرۆك وەزیری توركیا سەردانی رووسیایش بكات.
بێجگە لە سەردانی رووسیا، بریارە سەرۆك وەزیری توركیا لەگەڵ وەزیری دەرەوە سەردانی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی رۆژئاوایی بكەن و باسی بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی لە سووریا بكەن و رای گشتی ئەو وڵاتانەیش لە بارودۆخی سووریا ئاگادار بكەنەوە و بەمجۆرە پشتگیرییەك بۆ بەرەی دژبەری رژیمی بەشار ئەسەد كۆ بكەنەوە.
ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە دوای ئەم سەردانەی ئەردوغان بۆ ئەمریكا، بارودۆخی سووریا دەكەوێـتە قۆناغێكی نوێیەوە و پێدەچێت سەرەڕای سەپاندنی ناوچەیەكی دژە فڕین، لە بازنەیەكی یەكجار بەرفراوانیشدا ئابلووقەی جواروجۆر لە سەر رژیمی بەشار ئەسەد بسەپێندرێت.
بابەتێكی دیكەی ئەم سەردانەی ئەردوغان كە گفتووگۆیەكی زۆری لە سەر كراوە، مەسەلەی قۆناغی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا و پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و باكووری عێراقە.
سەرۆك وەزیری توركیا بۆ ئەوەی كە قۆناغی چارەسەری و پروسەی دیموكراسی لە توركیا بگاتە ئەنجام و ئاشتەوایی و ئارامی باڵ بە سەر توركیادا بكێشێت داوای هاوكاری لە ئەمریكا كردووە و ئەمریكایش ئامادە بوونی خۆی بۆ پێشكەش كردنی هەر جۆرە هاوكارییەك و كارئاسانییەك دەربڕیوە.
ئەمریكا بۆ ئەوەی كە قۆناغی چارەسەری لە توركیا بگاتە ئەنجام و بۆ ئەوەی كە پەكەكە رازی بكرێت چەك دابنێت و واز لە تێكۆشانی چەكداری بهێنێت بەڵێنی هاوكاری و پاڵپشتی هەمەلایەنەی بە توركیا داو، چوونكە بە وتەی ئەمریكاییەكان دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری لە توركیا لە دوای بەهار عەرەبی گەورەترین رووداوی ئەمرۆی ناوچەكەیە بۆیە زۆر بایەخی پێدەدەن و دەیانەوێ بگاتە ئەنجامی مەبەست.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان باكووری عێراق و توركیایشدا، هەر دوولا وتووێژێكی بەرفراوانیان كردووە. ئەمریكا كە پێشتر رازی نەبوو توركیا لەگەڵ باكووری عێراقدا پەیوەندی باش و بەرفراوانی ئابووری هەبێت، ئەمرۆ پشتگیری لە بەرفراوان بوونی ئەم پەیوەندییانە دەكات.
پێشتر ئەمریكا توركیای ئاگادار كردبوویەوە كە هەبوونی پەیوەندی باش و بەهێز لە نێوان توركیا و باكووری عێراقدا دەبێتە هۆكاری بەهێز بوونی ئابووری باكووری عێراق و ئەمەیش زەمینە خۆشكەرە بۆ جیابوونەوەی كورد لە عێراق. بەڵام ئەمریكا ئەمرۆ بەمجۆرە بیر ناكاتەوە و یەكپارچەیی عێراقی بە لایەوە زۆر گرنگ نییە. سیاسەتەكانی ئەم دوایەی سەرۆك وەزیری عێراق سەبارەت بە مەسەلەی ئێران و سووریا و كێشە ناوخۆییەكانی عێراق وای كردووە كە ئەمریكا بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو گرنگییەكی ئەوتۆ بە عێراق و یەكیەتی عێراق نەدات بەڵكو بە دوای بەرەژوەندییە ئابوورییەكانی خۆیدا بگەڕێت.
پێشتر ئەمریكاییەكان توركیایان ئاگادار كردبوویەوە كە نابێت پەیمانی راكێشانی لوولەی نەوت لە باكووری عێراقەوە بۆ توركیا لەگەڵ بەرپرسانی كورددا مۆر بكات، بەڵام ئەم سیاسەتەی ئەمریكا ئەمرۆ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەمریكا رازی بووە كە توركیا پەیمانی راكێشانەی لوولەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی كورد لە باكووری عێراق مۆر بكات و پەیوەندییە ئابوورییەكانی خۆی لەگەڵ باكووری عێراقدا بەرفراوان و بەهێزتر بكات.
ئەوەی جێگای ئاماژە بێت ئەوەیە كە نەوت و وزەی باكووری عێراق بوونە هۆكاری ئەوەی كە توركیا كورد بكاتە هاوپەیمانێكی زۆر ستراتژیكی خۆی لە ناوچەكەدا و ئەو توركیایەی كە پێشتر ئامادە نەبوو ناوی كورد و كوردستان بهێنێت ئەمرۆ زەمینە بۆ دروست بوونی دەوڵەتێكی كوردی لە باكووری عێراقدا ئامادە دەكات و ئەمریكایش پیشتگیری لەم هەوڵدانانەی توركیا دەكات.
ئەمە رەنگدانەوەی ناوەرۆكی گفتووگۆی ئوباما و ئەردوغانە بەڵام ئایا ئەو شتانە كە لە نێو ئەم چاوپێكەوتنانەدا گفتووگۆیان لە سەر كراوە و بریارن لە سەردراوە دەكەونە بواری جێبەجێ كردنەوە یانا مەسەلەیەكی دیكەیە. بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە ئەم سەردانە كاریگەری یەكجار زۆری لە سەر داهاتووی ناوچەكە بە تایبەتی لە سەر سووریا و پەیوەندییەكانی نێوان باكووری عێراق و توركیا و لە سەر ناوخۆی توركیا دەبێت.
سەرچاوە. یەنی شەفەق




