مه‌کته‌بی سیاسی پارتی بۆ کابینه‌ی نوێ: چاوه‌ڕوانین ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکه‌ن که دووچاری ژیانی سیاسی و ئابووریی کوردستان بووه
به‌بۆنه‌ی پێکهێنان و ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌ی حه‌وته‌می حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه، مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بروسکه‌یه‌کی پیرۆزبایی بۆ نێچیرڤان بارزانی و عیماد ئه‌حمه‌د و ته‌واوی وه‌زیرانی کابینه‌که نارد کە ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی:
"هه‌ڤاڵی خۆشه‌ویست کاک (نێچیرڤان بارزانی)، سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان:
به‌بۆنه‌ی پێکهێنان و ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌ی حه‌وته‌می حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه، پیرۆزباییه‌کی گه‌رم له به‌ڕێزتان و کاک (عیماد ئه‌حمه‌د) جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و یه‌که یه‌که‌ی وه‌زیره به‌ڕێزه‌کان ده‌که‌ین و پشتیوانی خۆمان و هه‌موو کادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتیمان بۆ کابینه‌که‌تان دووپات ده‌که‌ینه‌وه.
چاوه‌ڕوانی پارتیمان له ئێوه و کابینه‌که‌تانه که شێلگیرانه کار بکه‌ن بۆ جێبه‌جێکردنی بڕگه و بابه‌ته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ئیداری و یاساییه‌کانی ناو به‌رنامه‌ی لیستی کوردستانی که له 25/7/ 2010دا زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان پێداو بووه بنه‌مای شه‌رعیی بۆ دامه‌زراندنی کابینه‌ی شه‌شه‌می حکومه‌تی هه‌رێم و ئه‌م کابینه‌ی ئێستا.
هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانیمان له حکومه‌ته‌که‌تان ئه‌وه‌یه، به پشت به‌ستن به به‌رنامه چاکسازییه‌که‌ی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی و ئیراده‌ی چاکسازیخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان و هێزه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌کان، ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکه‌ن که دووچاری ژیانی سیاسی و ئابووری کوردستانی بووه و، شێلگیرانه رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی و قۆرخکاری ببنه‌وه و، کار بۆ هه‌رچی زیاتر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و گه‌شه‌پێدانی ئابووری و دابینکردنی ده‌رفه‌تی کار بۆ لاوان و فراوانکردنی رووبه‌ری ئازادییه‌کان و پته‌وترکردنی بنه‌ماکانی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و پێکه‌وه‌کارکردن بکه‌ن.
چاوه‌ڕوانی ئێمه و هاوڵاتییان له حکومه‌ته‌که‌تان ئه‌وه‌یه، بۆ رێکخستنی ئه‌جنده‌کانی په‌یوه‌ندی و ململانێمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی به هه‌ڵپه‌سێراوی ماونه‌ته‌وه و به دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌کار ده‌هێنرێن، به‌رنامه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بابه‌تیتان هه‌بێ و به‌شێوه‌یه‌کی دامه‌زراوه‌یی کاریان له‌پێناودا بکه‌ن.
له لایه‌کی تریشه‌وه په‌یوه‌ندی هه‌ڵکشاوی هه‌رێمه‌که‌مان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رمایه‌گوزاران و ناوه‌نده سیاسی و کولتوورییه‌کان ئیشی زیاتر و به به‌رنامه‌تر له ئێوه ده‌خوازن تا له خزمه‌تی گه‌شه‌پێدانی کوردستانه‌که‌مان، هه‌رچی زیاتره په‌ره‌یان پێ بدرێ.
ئێمه له‌م بۆنه‌یه‌دا وێڕای پیرۆزبایی له ئێوه و کاک عیماد و وه‌زیره به‌ڕێزه‌کان، به‌پێویستی ده‌زانین سوپاسی گه‌رمی به‌ڕێزان (دکتور به‌رهه‌م ساڵح) و (ئازاد به‌رواری) و هه‌موو وه‌زیرانی کابینه‌ی شه‌شه‌می حکومه‌تی هه‌رێم بکه‌ین که له هه‌لومه‌رجێکی دژوار و پڕ کێشمه‌کێشدا کاروباری هاوڵاتیانی هه‌رێمه‌که‌یان به‌ڕێوه‌برد و به‌رهه‌می باش و به‌رچاویان هه‌بوو، به‌شێکی گرنگی به‌رنامه‌ی لیستی کوردستانییان جێبه‌جێ کرد و جێی شانازی هه‌موو لایه‌کمان بوون و ده‌ستخۆشانه‌یان لێ ده‌که‌ین و هیوادارین له کاره‌کانی داهاتوویاندا سه‌رکه‌وتوو بن.
دووباره پیرۆزه پێکهێنان و ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌ی حه‌وته‌می حکومه‌تی هه‌رێم و ئێمه پشتیوان و هاوکارتان ده‌بین بۆ خزمه‌تی سه‌رکه‌وتنی ئه‌زموونی حکومڕانێتی خۆماڵی له‌م هه‌رێمه‌دا که ئه‌مڕۆ بۆته جێی ئومێدی هه‌موو کوردان."
مه‌کته‌بی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

