٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئیخوانەکان برسی دەسەڵاتن

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

 

هەمیشە ئەوانەی تینون و لە بیانێکی وشک و پانو پۆڕدا بەدوای دڵۆپە ئاوێک دەگەڕێن، ئەگەر بگەنە دەریایەک لە جیاتی ئەوەی ئاو بخۆنەوە خۆیانی تێدا دەهاوێژن، بەدبەختیش لەوە دەبێت کە مەلەوانی نەزانن. واتە لە جیاتی سود وەرگرتن و لەزەت وەرگرتن لە گەیشتنە ئاو، خۆیانی پێدەکوژن. ئەمە دەکرێت رێک لەسەر ئیخوانییەکانی میسریش راست بێتەوە.

ئەوەی مێژووی ئیخوانە ئیسلامییەکانی میسر بخوێنێتەوە، باش دەزانێت کە ئیخوان هەمیشە، وەکو کابرای تینوی بیابان، لە زیندان بوونە و شەقیان خواردووە و دەسەڵاتەکانی میسر بە توندی دەمکوتیان کردوون. راستە ئیخوان لەگەڵ ئەم هەموو فشارانەی دژیان پیادە کراوە، لە هەر دەرفەتێکدا بۆیان هاتبێتە پێشەوە، یاخود  بۆیان رەخسێندرابێت، کەمتەرخەمیان نەکردووە و خۆیان لە هەنگووینی دەرفەتەکان نقوم کردووە، بەڵام پێدەچێت هەنگووینەکەی ئەمجارەی دەسەڵات لە میسر، لە خەون بووە واقیع، بەڵام واقیعێک کە دوور نییە تینوەکانی دەسەڵات، بخنکێنێت.

ئیخوانەکان راستە بوونەتە سەرچاوەی فکری بۆ زۆر لە بزاڤە ئیسلامییە عەرەبییەکان، هەورەها کتێبەکانی قوتب وەکو فەلسەفە و رێباز بۆ ئیسلامی سیاسی لەسەر رەوتی ئیخوانەکان دیقەت لێدەدرێت. بەڵام ئەزموونی میسر لە حوکمڕانی رەنگە بیروڕا لەسەر ئیخوانەکان پێچەوانە دەکاتەوە، چونکە لەماوەی ساڵی رابردوو نە فەلسەفەی ئابووری ئیسلامی جێبەجێ کراوە، نە رێبازی میانڕەو، نە فکری شورا و پرسی گشتگیری، نە شکاندنی زیندانەکان  ودادگایی کردنی پۆلیس و گۆڕینی دەسەلاتی سوپا، کە هەر دوێنێ بوو ئیخوانەکانیان زیندانی و دادگایی دەکرد.

محەمەد مورسی و ئیخوان دەیانەوێت ئەمجارە لەرێگەی دەستگرتن بەسەر دادگا  و دادوەرکان کۆنترۆلی دەسەڵاتی سیاسی لە میسر بکەن، بۆیە لایەنەکانی بەرهەڵستکاری  و رۆژئاوا و ئەمەریکا پێیان وایە، ئیخوان دەیەوێت جەنگی یەکلاکەرەوەی خۆیان ببەنە بواری دادگا و دادوەرەکان. لەم ماوەیە سەرۆکی میسر  و ئیسلامییەکان ویستویانە بڕیارێک لەمەڕ چاکسازی لە بواری دادگا بسەپێنن، کە دەبێتە مایەی خانەنشینکردنی سێ سەد قازو و دادوەر. ئەمەش لە ژێر نێوی پاککردنەوەی دادگا لە پاشماوەکانی رژێمەکەی حوسنی موبارەک و پیاوەکانی سەر بەدەزگای هەواڵگری و پۆلیس، کە هێشتا پەیوەندیان بە ناوەندەکانی پاسەوانییەوە هەیە.

لەهەمان گاڤیشدا بەرهەستکارەکانی رژێمی ئێستەی میسر راشکاوانە دەڵێن ( شۆڕشی یەنایەر دزرا) واتە لە رەوت  وئامانجی خۆی دوورخرایەوە و ئەوەی روودەدات گەڕانەوە بۆ هەمان سیستەم و شێوازی حکومڕانییە، کە موبارەک پەیڕەوی دەکرد. نەک هەر ئەوەش ئیخوانە موسلمین پەلەی دەسەڵاتیانە و دەیانەوێت جومگە گرینگەکانی دەسەڵات کۆنترۆل بکەن، هەروەسا پۆلیس  و هێز وەکو رژێمی پێشوو بۆ سەرکوتکردنی بەرهەڵستکارەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەوانە تینوی دەسەڵاتن.

میسر کێشەی ئابوری و ئازادی بڵاوکردنەوە و  راگەیاندنی هەیە. مورسی نەیتوانی یاسای هەڵبژاردن لە دادگا تێپەڕێنێت، هەروەها دادوەری گشتی کە لایدا بوو، دادگا گێڕایەوە سەر کار. پێناچێت لە جەنگی دژی داوەرەکانیش سەرکەوێت، کە دەیەوێت شوێنی هەموو ئەو کەسانە بە کەسانی سەربەخۆیان پڕبکەنەوە و دواتیرش چیان ویست ئەنجامی بدەن.

گرینگ تینوەکانی دەسەڵات، رەنگە نەتوانن لە نێو گێژاوی ناکۆکی و گۆڕانکارییەکان سەرکەوتوو بن، ئەوەی ئیخوان موسلمین لە میسر وەکو ئەزمونێکی سەرەتایی لە دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت بەرێوەی ببات، رەنگە وەکو کارەساتێک بۆ میسر بگەڕێتەوە. لە جیاتی نەهێشتنی دەسەڵاتی پۆلیس بۆ سەرکوتکردنی بەرهەڵستکاران، دەیەوێت خودی خۆی هەمان دەسەڵاتی پۆلیس بۆ روتکردنەوە و تاوانبارکردنی ناکۆکەکانی خۆی بەکاربهێنێت. هەمان دروشمی (دژە نیشتیمان- پیاوەکانی ئیسرائیل- فاسیدەکان- پیاوە گومانلێکراوەکانی رژێمی پێشوو- ئاژاوەچییەکان) بە کاردەهێنن. سەرباری پێشێلکردنی مافی ئافرەتان  و بەرتەسک بوونەوەی ئازادییەکان. ئەمانە هەموویان نیشاندەری ئەوەن ئیخوانەکان خەریکە لەبەر تینوەیەتی دەسەڵات خۆیان بکوژن، چونکە لە جیاتی خواردنەوەی دەسەڵات، دەیانەوێت خۆیان بهاوێژنە نێو دەریای دەسەڵات.  

هەواڵی پەیوەندیدار