٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ناوچەی دژە فڕین لە سوریا

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

 

سوریا بەرەو ئاڵۆزی زۆر و بێدەنگی پتر لە بەردەم  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەچێت، راستە لە کۆبوونەوەی نێوان وڵاتە زلهێزەکان و عەرەبی و وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان باسی مەترسی پەرەسەندن و  فرەبوونی جەنگ و پێشێلکارییەکاکانی مافی مرۆڤ و کوشتن و ئاوارەیی خەڵکی سوریا و هەڕەشە و دەستدرێژی سێکسی دژی منداڵان و ئافرەتان لە سوریا دەکرێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکی بەکردەوە بۆ راگرتن و سنوردارکردنی تاوانەکان نەهاوێژراوە.

هەنووکە بیرۆکەی دانانی ناوچەی دژە فڕین باس دەکرێت، رەنگە ئەم بیرۆکەیە گونجاوترین دەستپێخشەری بێت، ئەگەر ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بیهاوێژێت، چونکە لەم رێگەیە دەکرێت چەند ئامانجێکی هەنووکەیی لە پێناو بیناکردنی ستراتیژێکی لەبارتر بگرێتەوە وەکو :

یەکەم-  سنوردارکردنی هێزەکان و سوپای سوریا کە ئازادانە تاکو ئێسە خەڵک دەکوژن و بەهەموو جۆرێک هەموو چەشنە چەک و توانایەکی سەربازی دژی هاووڵاتیان و چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنن و تەنیا وایلێهاتووە سنوری لوبنان و عێراقیش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا بۆ کوشتنی بەرهەڵستکاران ببەزێنرێت.

دووەم-  فشارەکان کارا بکرێن بۆ بەجدی دەستپێکردنی گفتوگۆ و چارەسەری سیاسیانە بۆ کێشەی سوریا.

سێیەم-  هەموو ئەو وڵاتانەش سنوردار بکرێن کە هاوکاری حکوومەتی سوریا دەکەن بەتایبەتیش ئێران و عێرا ق و روسیا. ل ەهەمان کاتیشدا ئەوانەی هاوکاری ئۆپۆزسیۆنیش دەکەن دەبێت رێگەی دیکە بۆ هاوکاریان بدۆزنەوە، رەنگە ئەو کاتە لە بواری ئیداریی و مرۆیی و خزمەتگوزاری پتر هاوکاریان بکەن، نەک سەربازی.

چوارم-  هاوکاری ئۆپۆزسیۆن لە سایەی دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین بکرێت، بۆ پێکهێنانی ئیدارەی سەربەخۆ و دوور لە حکوومەتی بەشار ئەسەد بۆ بەرێوەبردن و پەروەردە و بوارەکانی دیکەی خزمەتگوزاری. واتە دەکرێت حکوومەتی دروستکراوی کاتی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنە هان بدرێت لە ناوچەکانی دژە فڕێن ئیدارەی خۆی دابمەزرێنێت.

پێنجەم-  سنورەکانی نێوان عێرا ق و لوبنان و  ئوردن  و تورکیا ئارامتر چاودێری دەکرێن.

شەشەم-  دەتوانرێت کێشەی ئاوارەکان لەناوەخۆی سوریا چارەسەر بکرێت و رێگە لە چوونە دەرەوەیان بگیرێت، کە هەنووکە وەکو کێشەیەکی گەورەی هەرێمایەتی و  نێودەوڵەتیش سەیر دەکرێت.

دەکرێت ئەزمونەکانی بۆسنیا و عێراق لە پێکهێنانی ناوچەی دژە فڕین دوبارە بکرێتەوە، کە بەکردەوە بووە، دوو ئەزموونی باش بۆ رێگەگرتن لە کوشتنی خەڵک لە لایەن سربییەکان و سەدام حوسێن و رژێمەکەی کە دژی کورد بەرێوەی دەبرد. واتە لە رێگەی ئەم بیرۆکەیە دەتوانرێت کوشتن و توندوتیژی سنوردار بکرێت، کە ئەمڕۆ کێشەی سوریا و زۆربوونی کوشت و کوشتار بە یەکێک لە کێشە مەزنەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەسف دەکرێت. هەروەها ئەگەر ئەم بیرۆکەیە نەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بهێنێت، بەڵام دەتوانێت ژمارەیەک کۆت دژی ئەم دەسەڵاتەی ئێستەی سوریا دابنێت، کە دەبنە مایەی باشترکردنی زەمینەی بەدەستهێنانی ئازادی و رزگاربوونی خەڵک لە سەرکوت و کوشتن و تۆقاندن.

راستە  مەسەلەی دانانی ناوچەی دژە فڕین، چارەسەری هەموو قەیران و کێشەکان ناکات، بەڵام وەکو گوتمان بە شێوەیەکی کاتی و لە پێناو هەنگاو نان بەرەو قۆناغێکی دیکەی ستراتیژی، سودمەند دەبێت و بەلای کەمەوە بەشێک لە تاوانە ئاشکراکانی جەنگ سنوردار دەکات و کۆمەڵگەی نێودەڵەتیش لە رووی یاسایی و ئەخلاقی مرۆییەوە بەشداری لە رزگارکردنی خەڵکی سڤیلی سوریا لە مەرگ دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار