٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی بەبۆنەی ٨ی مارسەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتانی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتانی کوردستان و جیهان کرد و تێیدا جەختی لەسەر ڕۆڵی کارا و مێژوویی ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا کردەوە. 

دەقی پەیامەكەی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی: 

ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، ڕێکەوتی ٨ی مارس، لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان و جیهان پیرۆز بێت. ئەم ڕۆژە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرز ڕادەگیرێت و گەل و نەتەوەکان لە سەرانسەری جیهاندا یادی دەکەنەوە، هەمووان هەڵوەستە لەسەر ڕۆڵی ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەدا دەکەن و ئەوە بە بیر دەهێننەوە، کە ژیان بەبێ ئافرەت نەبووە و نابێت. ئەوان تەواوکەری ڕەگەزی بەرامبەرن، ئافرەت و پیاو پێکەوە ڕەوڕەوەی ژیان بەرەو ئامانجە پیرۆزەکان دەبەن. 

لە وڵاتی ئێمەدا، هەردەم ئافرەتانی کوردستان خاوەن پێگەیەکی ڕێزدار بوون، ئەوان لە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا، بە کاریگەرییەوە ئامادە بوون و جێدەستی کاری بەرهەمداریان بە هەموو لایەنەکانی ژیانی ئێمەوە دیارە. ئەمڕۆش ئافرەتانی کوردستان بەشێکی کارا و کاریگەرن لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواری، هاوکات ڕەوڕەوەی ڕوو لە گەشە و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان، هاوشانی پیاوان بەرەو پێش دەبەن.

بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە هەموو دایک، خوشک، هاوڕێ، هاوژین و کچانی کوردستان دەکەم، وەک هەمیشە ئافرەتان بناغەی پتەوی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و کایە کاریگەرەکانی وڵاتمانن.

 

فازڵ میرانی

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی

8/3/2026

هەواڵی پەیوەندیدار