٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە یادی 1ی شوباتدا پارێزگاری هەولێر پەیامێک ئاراستەی لایەنەکان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەبۆنەی یادی 22ساڵەی کارەساتی تیرۆریستیی ١ی شوبات، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی نیشتمانی کردەوە وەک وەڵامێک بۆ دوژمنانی کوردستان.

دەقی پەیامەكەی پارێزگاری هەولێر، لە یادی کارەساتی 1ـی شوبات

لە ساڵیادی کارەساتە تیرۆریستیه‌كه‌ی 1ـی شوباتی 2004، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە دادەنوێنین، کە لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز و لە کاتی دەربڕینی خۆشی و گەردن ئازادی لە یەكتر لە هەردوو بارەگای لقی2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی3ـی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، بوونە قوربانی دەستی ڕەشی تیرۆرست و تاریک پەرستان.

ئه‌و کردەوە تیرۆریستییە، سەلماندی کە دوژمنانی گەلەکەمان بە یەکچاو سەیرمان دەکەن و هیچ جیاوازییەک لە نێوانماندا نابینن و بۆیان بکرێت هەموو کردەوەیەکی دژ بە مرۆڤایەتی بەرانبەر گەل و نیشتیمانەکەمان ئەنجام دەدەن. 

ئەمڕۆ لە کاتێکدا بەڕێز و شكۆوه‌ یادى شه‌هیدانى ئەو کارەساتە ده‌كه‌ینەوە، ئومێد دەکەین ئەم یادە ببێتە هەوێنی پتەوکردنی زیاتری تەبایی و یەکڕیزی و یەکگرتووی گەلی کوردستان، کە زامنی پاراستنمانە لە بەرانبەر هەموو هەڕەشەیەکدا.

 

جارێکی تر دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 1ـی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کورد و كوردستان.

 

ئومێد خۆشناو

پارێزگاری هەولێر

1ـی شوباتی 2026

هەواڵی پەیوەندیدار