٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی ئاو لە نێوان حکوومەتی هەرێم و وڵاتی فەرەنسا واژوو کرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی سامانی ئاو، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر پڕۆژەیەکی ستراتیژیی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا واژوو کرا، کە ئامانج لێی چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی زانستییانەی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییە.

ئەمڕۆ سێشەممە (٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، یان بریم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا و د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و شارەوانیی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کونسوڵخانەی فەرەنسا واژوو کرا.

پڕۆژەکە کە لەژێر ناوی "کیوانۆ، گرینسیتیزن" جێبەجێ دەکرێت، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاویی هەرێمی کوردستان وەسف دەکرێت. بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە، بۆ یەکەمجار لە شاری هەولێر وێستگەی تایبەت و پێشکەوتوو دادەندرێت بۆ خوێندنەوە و تۆمارکردنی داتاکانی پەیوەست بە ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێر زەوی. ئەم تەکنەلۆژیایە دەرفەت دەدات زانیاریی ورد و دروست لەسەر قەبارەی داهاتی ئاو و شێوازی بەکارهێنانی بەدەست بێت، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی باشتر.

لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی و بەرزنرخاندنی پڕۆژەکە، تیشکی خستە سەر پەیوەندییە مێژوویی و دۆستانەکانی نێوان گەلی کوردستان و فەرەنسا. ناوبراو ستایشی ڕۆڵی پاریسی کرد لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی کەرتە گرنگەکانی وەک کشتوکاڵ و ئاودێری.

جێی ئاماژەیە، لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە بریکاری وەزارەتی بازرگانی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکان و بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئامادە بوون. ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو و گلدانەوەی، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئاو بۆ نەوەکانی داهاتوو.

هەواڵی پەیوەندیدار