ئەمڕۆ ١١ ساڵ بەسەر شەھیدبوونی ھوجام سورچی تێپەڕ دەبێت

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ ١١ساڵ بەسەر شەھیدبوونی ھوجام سورچی بەدەستی تیرۆرستانی داعش تێپەڕ دەبێت، کوڕێکی شەھید ھوجامیش دەڵێت "شانازی دەکەین باوکمان لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان ژیانی خۆی کردە قوربانی و بووە ڕەمزی شەھیدانی کورد و کوردستان، بۆیە بۆ ھەمیشە باوکمان بەزیندووی لە دڵی ئێمە و ھەموو کوردێک دەمینێتەوە."
عومەر شەھید ھوجام سورچی کوری شەھید ھوجام سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ لە ٢٥/١/٢٠١٥، پێش ١١ساڵ، باوکم شەھید ھوجام سورچی بەدەستی تیرۆرستانی داعش لە پارێزگای مووسڵ بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە شەھید کرا، کە لەسەر ئاستی جیھان دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی ھەبوو، ھەروەکو سەرۆک بارزانی باسی کرد، شەھید ھوجام بووە ڕەمزی شەھیدانی کورد و کوردستان، بۆیە ساڵانە ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە وەکو ئەوەیە ئەمڕۆ شەھید کرابێت، ھەمیشە لەیادمانە ودڵخۆشین باوکمان بۆ ڕزگارکردنی خاکی کوردستان ژیانی خۆی بەخت کرد و خۆی کردە قوربانی کوردستان، ھەمیشە شانازی بە شەھیدبوونی باوکی خۆشەویستمان دەکەین."
عومەر شەھید ھوجام سورچی گوتیشی "بەداخەوە لەم یادە خەمناکەدا لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە ھەمان شێوە ھێرشی سەر برایانمان دەکرێت، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین ڕێگری لەو ھێرشانە بکرێت و چیتر ڕێگە نەدرێت منداڵی کورد بێ باوک بکرێت و کۆتایی بە شەڕ بێت و ئاشتی شوێنی شەڕ بگرێتەوە، چونکە ئێستا دەبینین لە ڕۆژئاوای کوردستان مەترسی کۆمەڵکوژی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ھەیە، پێویستە ھەرچی زووە کارێک بکرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دڵمان لای خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە."
دەشڵێت "گەلی کورد قوربانی زۆری داوە لەپێناو ئازادی و بەردەوامیش دەبین لەسەر ڕێچکەی باوکمان، چۆن گیانی خۆی کردە قوربانی بۆ خاکی کوردستان، ئێمەش ئامادەین بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین ژیانی خۆمان بکەینە قوربانی، دڵنیام ڕۆژێک دێت خەونی باوکم و ھەزاران شەھید بێتە دی و کوردستان بگات بە مافەکانی خۆی."
بڵند ئیبراھیم




