٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی گەورەترین کاروانی هاوکاریی دەگاتە رۆژئاوای کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مووسا ئەحمەد رایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ گەورەترین کاروانی هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لە 67 بارهەڵگر پێکهاتووە، دەگاتە رۆژئاوای کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مووسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "جەنابی سەرۆک بارزانی ڕایسپاردووین هەموو توانای خۆمان بۆ هاوکاریی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان بخەینە کار.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە پێشکەش کردنی هاوکارییەکان دەبینە پردێکی بەهێز لە نێوان کوردانی رۆژئاوا لەگەڵ لایەن و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانین لە رۆژئاوای کوردستان خزمەتی خوشک و برایانمان بکەین". 

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی، "بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان، گەورەترین کاروانی هاوکاریی ئامادەکراوە و بە 67 بارهەڵگر، کە 22 جۆر پێکهاتەی جیاوازی لەخۆ گرتووە دەگاتە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان".

جەختی لەوەشکردەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ کوردانی رۆژئاوا دەمێنێتەوە و خزمەتیان دەکات تاوەکو ئەو کاتەی ئەوان پێویستیان بە هاوکاری بێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 150 کارمەند پێکهاتووە، لە ڕووی تەندروستی و لۆجیستی و مەیدانییەوە خزمەت بە هاووڵاتییان دەکەن، جەختی لەوەشکردەوە، ئەمە یەکەم کاروانی هاوکارییە دەگاتە رۆژئاوای کوردستان، دڵینیاییدا لەوەی کە هاوکارییەکان بە شێوەیەکی فراوان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان ئاسایی دەبێتەوە". 

هەواڵی پەیوەندیدار