خەباتی ئەو 21 ئافرەتە روسیانەی كە هاوسەریان پیشمەرگەبوون، خۆراگری زیاتری بەخشی بە هاوسەرەكانیان
ئیسماعیل گوندەژۆری
بەردەوامی و خۆڕاگری میللەتی كورد لە مێژووی داخوازییەكانی دا لەژێر غەدری نەپساوەی دووژمنانی دا خۆڕاگربووە، گەلێ كۆسپ و ناخۆشی دڵبرین هاتونەتە سەر رێگەی قەدەری ئەو میللەتە، لەهەموو ئەو قۆناغانەی بەرگریدا بە زۆر شێوەی جەرگ بڕاوەو پەژارە بووە، ئەفسوس بۆ ئەو شەهیدانەی لەشەڕانی بەرگری و ژێر ئەشكەنجەدان گیانیان كردۆتە قوربانی و بوون بە رۆحی پێگەیاندنی نەتەوەی كورد، ناحەزو دووژمنانی كورد بەوەش نەوەستاون، دژایەتی خاك و داروبەردو هاودۆستانی كوردیشی كردووە. كۆماری كوردستان لە مەهاباد چقلێكی گەورە بوو بۆچاوی دووژمنانی كورد، هەر ئەو رق و كینەیەش ببووە رەتدانەوەی زۆر نامرۆڤانەی دووژمنانی كورد .
لە ساڵی 1947 رێڕەوی (بارزانی نەمر)و هەڤاڵانی بۆ یەكێتی سۆڤیەت تا ساڵی 1959 بوژانەوەیەك بۆ دووبارە دانانەوەی بناغەی تەمەندرێژی خەباتی سیاسی میللەتی كورد، (بارزانی نەمر) خۆی و (502) یاوەری لەقوتابیانی كۆماری مەهابادو گیان لەسەر دەست كەوتنە ئەو دیوی رووباری ئاراس، لەو غەریبیەو دوورە وڵاتی و قبوڵكردنی زۆر لەو داواكاریانەی وڵاتی روسیا ئەستەمە سەركردەیەك بیری نەتەوایەتی لە هزردا بمێنێ و خۆڕاگری خۆی بەهەموو شێوەیەك تەمەن درێژ بكات، بۆ ئەو ژیانە سەختەی ئەوێش زۆر لە یاوەرانی (بارزانی نەمر) هاوسەرگیریان لەگەڵ ئافرەتانی ئەوێ رێكخست، دەربەدەری و ماڵوێرانی میللەتی كورد لەو وڵاتەو هاوسەرگیری لە پەنایی غەریزە نەبووە، بەڵام ژیان و ئیدامەی تەندروستی و مانەوەیان ئەو تاڵەژیانەیان بەهەر شێوەیەك قبوڵبووە، بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریش تارادەیەك ژیانی ئاوارەییان بەرقەرابووە، لەبەرامەبەر ئەوەشدا ئەو ئافرەتانەی بوونە هاوسەری قارەمانان ئەوانیش گیانی خۆیان خستبووە پێشەوەی پێشمەرگەی كورد، هەر بۆیەش ژیانی خانەوادەی پێكهاتووەو دروست بوونە، گەلێ لەو ئافرەتانەی بوونە هاوسەری پێشمەرگەی دوورە ولات لە ئاست پێشمەرگە دابوونەو وەك هاوسەرەكانیان لە سەنگەر بەرگریان كردووە، وای لێهاتووە بەرگری ئەوان بەتین تربووە، چونكە ئاوارەكان راستگۆیی خۆیان نیشان دابوو، دوای گەرانەوەیان بۆ ناوچەی بارزان و كوردستان دەكەونە ژیانی سەخت و دوور لە كارەباو زۆر لە خزمەت گوزاری ژیان، بەڵام ئەوان بەوپەری خۆشحاڵیەوە ئامادەی ئەو ژیانە سەختەبوون و راستگۆی بارزانی نەمرو ئاوارەكانیش زیاتر سەرنجی ئەو ئافرەتانەو تەواوی خەڵكی بێگانە راكێشابوو. دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمرو یاوەرانی بۆ كوردستان، تەواوی ئەو ئافرەتانەش ژیانیان خستە تورەكەی هاوسەرەكانیان و شانبەشان كەوتنە سەنگەرگرتنی پیاوەكانیان لە كێوەكانی كوردستان دژ بەناحەزانی میللەتی كورد، رەفتارو دڵسۆزی ئەوان وێڕای قوربانیان بۆ هاوسەرەكانیان لەبەرامبەر ئەوەشدا ژیانیان زۆر لە مەترسی دابوو، ئەو ئافرەتانەی لەگەل هاوسەرە ئاوارەكانیان وڵاتی روسیایان جێ هێشت و لە هەولێر نیشتەجێ بوون، بەهەموو شێوەیەك كەس و كاریان جێ هێشت و هاوسەرەكانیان ویستبوو، ژمارەیەك لەو ئافرەتانەی لە هەولێر نیشتەجێ بوون لە ساڵی 1963كەبەعسیەكان بەكودەتایەكی سەربازی كە دژی عەبدولكەریم قاسمیان ئەنجامیاندا و جلەوی دەسەلاتیان گرت ودەستیان كرد بە كوشتن و گرتنی هەوا دارانی قاسم و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گشت پاریزگاكانی عیراق وە لە هەولێریش وێرای كوردەكان 21 ئافرەتی روسیی دەستگیركران، ئەم رەشگیریە لە رێكەوتی 12ی حوزەیرانی ساڵی 1963بوو بەو تۆمەتەی هاوسەری یاوەرانی بارزانین كە ئەو كات پیشمەرگە بوون، وە خرانە بەندیخانەیەكی تایبەت كە قوتابخانەیەكی سەرەتایی دوو نهۆمیان كردبووە بەندیخانەو نهۆمی خوارەوەیان بۆ پیاوەكان كە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی عێراقی بوون، وە نهۆمی سەرەوەشیان بۆ ئافرەتەكان تەرخان كردبوو، كە ئێستا شوێنەكەی پارێزگای هەولێرە، ئەو بەندیخانەیە لایەكی بارەگای حەرەس قەومی بوو لایەكەی تریش بارەگای پۆلیسی قوەی سەیاربوو. ئەو ئافرەتانە مانەوە تا 20ی كانوونی یەكەمی 1963، جیگای داخە كە بەهۆی پەیوەندی پتەوی رووسیاو عێراق، سەفارەتی رووسیا بەهیچ شێوەك خۆی لێ نەكردنە خاوەن و مشورەتێكی بۆ نەخواردن، ئازارو ئەشكەنجەو كاری دوور لە مرۆڤایەتی لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا زۆر بەتووندی لەگەل ئەو ئافرەتانە ئەنجامدرا، پچرانی پەیوەندی ئەو 21ئافرەتە لەگەل كەس و كاریان و خەلكانی تریش، دوور خستنەوە لە زۆر بنەمایی بەندیەكانی مرۆڤایەتی لە بەندیخانە، كۆلەمەرگی و بێ كەرەستەو برسیەتی زۆری كێشا لەو بەندیخانەیە. دەردەسەری و غەریبی زۆریان چێشتوەو مردن زۆر لێیان نزیك بووە، وەك یەكێك لەو ئافرەتانەش بۆی گێراینەوەلە سەرەتای پرۆسەی هاوسەرگیریان هاوسەرەكانیان ئەو راستیانەیان پێ گوتونەو ئەو قەدەرەیان بۆ داناون رۆژێ لە رۆژان توشی دەبن، بەڵام میهرەبانی و خۆراگری ئەو ئافرەتانە زۆر لەوە گەورە تربووە كە قبولی نەكەن و بەهەموو ئارەزویەكەوە خۆشحال بوونە لە پێناوی هاوسەرەكانیان و میللەتی كورد گیانیان بكەنە قوربانی، ئافەرەتەكان وێرای خۆیان بە گشتی 60 مندالیان لەگەل بووە، ئەو ئافرەتانەی لەو بەروارەدا گیران نەمان توانی ناوی تەواویان وەدەست بهێنین بەپێی ئەو زانیارانەی لای بەرێز مامۆستا(فەرید مستەفا ئەیوب) وەرمان گرت بەم شێوەیە:
1_ رەشیدە هاوسەری مەجید تەها میرۆزی خاوەن (5)منداڵ.
2_ ئومەیە هاوسەری عومەر حوسین شكاك خاوەن (5)منداڵ.
3_ سێبیە هاوسەری شێخ یەزدین داویتكی خاوەن (5)منداڵ.
4_ ڤێرا هاوسەری وەیسی عەلی شانەدەری خاوەن(3)منداڵ.
5_ جەمیلە هاوسەری سەلیم زوبێر خاوەن(6)منداڵ.
6_ عەنیفە هاوسەری محەمەد جلندی شنگێلی خاوەن(6)منداڵ.
7_ نایلە بیوك هاوسەری عەلی مستەفا دۆلەمەری خاوەن(2)منداڵ.
8_ پاكیزە كورتیڤە هاوسەری خودادە حەسەن خاوەن(3)منداڵ.
9_ موكمیل ئاخونجان هاوسەری مستەفا ئەیوب چیچۆ شیفكێ خاوەن(1)منداڵ.
10_ منور هاوسەری محەمەد حەمۆ گوزی خاوەن(3)منداڵ.
11_ پەلینە هاوسەری ئیبراهیم شێخۆ شانەدەری خاوەن(1)منداڵ.
12_ تاجیە هاوسەری رەشید ئەرگۆشی.
13_ شوكریە هاوسەری بابەكر هەسنی خاوەن(2)منداڵ.
14_ لاریسا هاوسەری ئیسماعیل تەها بازی خاوەن(2)منداڵ.
15_ تەمارا هاوسەری جەوهەر تێلی خاوەن(2)منداڵ.
16_ تانیە هاوسەری حالی ئەحمەد خیشكلی خاوەن(1)منداڵ.
17_ تانیە هاوسەری عەبدوڵڵا حەمۆ گۆزی خاوەن(3)منداڵ.
18_ رایە هاوسەری رەحمان خاوەن(4)منداڵ.
19_ نینە هاوسەری عوسمان ببانێ خاوەن(1)منداڵ.
20_ زولجیە هاوسەری مەلا سولێمان ئاكرەیی خاوەن(3)منداڵ.
21_ عایشە هاوسەری قادر دەروێش ئاكرەیی خاوەن(2)منداڵ.
تەواوی ئەو ئافرەتانە بێ لێك دابڕان گیران و دوای شەش مانگ بەیەكەوە بەرنامەیەكیان بۆ دانان بەو مەبەستەی لێكیان جیانەكەنەوە، ئەو كات خانووەكانی گەرەكی ئیسكان ملكی ئەو 21 خانەوادەیە بوو، كە دەسەلاتی ئەوكاتی بەغدا دوای گەرانەوەیان پێیان بەخشی بوون، دوای پیلانە دژوارەكانی بەغدا ئەو خانویانەیان دا بە لایەنگرانی خۆیان و لێیان داگیركردن، هەربۆیە ئەو 21 خانەوادەیە كەوتنەوە ژیانی غەریبی لە ولاتی خۆیان، بۆ دواجار لە گەرەكی سەیداوە حەسارێك و دوو خانویان بۆ دۆزینەوەو دوور لە رەفتاری مرۆڤایەتی لەوێیان نیشتە جێ كردن، وە چەند پۆلیسیشیان تەرخانكرد تاكو چاودێریان بكەن لە جموجۆلە كانیان، بەشێك لەو پۆلیسانە خاوەن بەزەیی مرۆڤایەتی بوون. ئەوەبوو لەلایەن بارزانی نەمرەوە مانگانە بری 10 دینار بۆ هەرخێزانێك دابین كرا، وێڕای ئەوەی كەچەندین مانگ پێشمەرگە بێ موچەدەبوون، كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا وەفاداری و بایەخێكی پتەوی بارزانی نەمربوو بۆ ئەو ئافرەتانە، لە رێگای ئافەرتێكی روسیەوە كەناوی (نایلە بیوك)بوو ئەو پارەیە لە رانیە وەردەگیراو دابەشی دەكردە سەر ئەو 21 خێزانە، ئەو كۆلەمەرگیە بەردەوام بوو تا ریكەوتنامەی11ی ئازاری ساڵی 1970كە دەستكەوتی هەرە گەورەی شۆرشی ئەیلوولی مەزن بوو..ئەو خانەوادانەش كەوتنە كەشی ئازادی و گەیشتنەوە هاوسەرەكانیان و بەردەوام بوون لە خەباتی كوردایەتی، تاكو زۆربەیان كۆچی دواییان كرد. ئێستاش تەنها 6ئافرەت ماون و لە كوردستان نیشتەجێن، بەلام كە جیگای داخە تا ئیستا كۆمكاری زیندانیە سیاسیەكان هیجیان بۆ نەكردون، بە بیانوی ئەوەی ئەمانە بەر لە سالی1968 زیندانی بوونە كە ئەوان ناگریتەوە وەك ئەوەی وایە بەر لە سالی1968 هیج پارتێك و شۆڕشیك لە كوردستان نەبووبێ.




