سه‌رۆكی ھەرێم، له‌گه‌ڵ پاتریارك و مه‌ترانه‌كانى كه‌نیسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتیى ئاشوورى كۆبووه‌وه

ھەولێر-KDP.info- پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2025/9/29، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له قه‌داسه‌تى پاتریارك مار ئاوا، پاتریاركى كه‌نیسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتیى ئاشوورى و ژماره‌یه‌ك له مه‌ترانه‌كانى ئه‌و كه‌نیسه‌یه له كوردستان و عێراق و جیهان كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى كه‌نیسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتیى ئاشوورى و په‌یڕه‌وانى له هه‌رێمى كوردستان، عێراق و جیهان تاوتوێ كرا، هه‌روه‌ها تیشكیان خسته سه‌ر ڕه‌وشى پێكهاته ئایینییه‌كان، ئازادییه‌كان و به‌تایبه‌تى ئازادیى ئایینى له هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
قه‌داسه‌تى پاتریارك مار ئاوا باسى له كۆنفرانسى یادی 1700 ساڵەی (کۆمەڵەی نیقییە) كرد كه ماوه‌ى سێ ڕۆژى ڕابردوو له هه‌ولێر ئه‌نجام درا. هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌كێك له مه‌ترانه‌كان پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى كه‌نیسه‌كه‌یان له وڵاتانى جیهان خسته ڕوو و ستایشى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستانیان كرد.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به ئه‌نجامدانى چالاكییه‌كانى كه‌نیسه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتیى ئاشوورى له هه‌ولێر، سوپاسى كردن كه ساڵانه له چوارچێوه‌ى كار و به‌رنامه‌كه‌یاندا، ژماره‌یه‌ك له گه‌نجانى هه‌نده‌ران، بۆ سه‌ردان و ئاشنابوون به وڵات و كولتووره‌كه‌یان ده‌هێننه‌وه كوردستان.
به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان شانازى به كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى لەنێوان پێكهاته‌كاندا ده‌كات و هه‌میشه پارێزه‌رى ماف و ئازادییه‌كانى هه‌مووان ده‌بێت.
خستنه‌ڕووى چه‌ندین دید و سه‌رنجى جیا ده‌رباره‌ى ژیان و دۆخى پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




