بەڕێوەبەری سووتەمەنی لە ڕێگەی KDPیەوە باسی دابینكردنی نەوت و دابەشکردنی دەكات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە دابینکردنی نەوتی سپی کردووە و ھەوڵ دەدرێت پێش ھاتنی وەرزی سەرما نەوت بەسەر ھەموو هاووڵاتیاندا دابەش بکرێت.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە دابینکردنی نەوت کردووە و ڕۆژانە نەوتمان بەدەست دەگات و چاوەڕێ دەکەین رێنماییمان بۆ بێت، بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم مانگە یاخود سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە دابەشکردنی نەوت بکرێت، بۆیە ھاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکەین و دواتریش لە ناوشار دەست پێدەکەین، کە ئەگەر نەوتی پێویست بەردەست بێت، لەگەڵ ناوچە شاخاوییەکان لە ناوشاریش نەوت دابەش دەکەین، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە نرخ دەکات و بە نرخێکی گونجاو نەوتەکە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکەین.
ئاری کاکەشین، لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی پێ دەدرێت و نرخەکەشی زۆر گونجاوە، هەروەها نەوتی ئەمساڵ لە ڕووی کوالیتییەوە زۆر باشە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر هەرزانبوونی نرخی نەوت لە بازاڕیش دەبێت، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی نەوتەکە دابین دەکات.
ناوبراو هەروەها ڕوونیشی کردەوە، تاوەکو ئێستا بەغدا نەوتی بۆ ئەمساڵ بۆمان دابین نەکردووە و داوامان کردووە و ھەر کاتێک دابین کرا، کە ڕەنگە بەشێکی کەم بێت، وەکو ساڵانی ڕابردوو بۆ ناوچە شاخاوییەکان دابین دەکرێت، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەغدا ناکات و لەئێستادا ڕۆژانە نەوتمان بۆ دابین دەکات و ئێمەش لە کۆگاکان ھەڵیدەگرین و ھەر کاتێک فەرمانمان بەدەست گەیشت، دەست بە دابەشکردنی دەکەین.
بڵند ئیبراھیم




