٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایانی زانکۆ بۆ KDP: خه‌باتی ئەیلوول بووە بنەمای به‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانمان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایانی زانکۆ لە ھەرێمی کوردستان، دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بە بەرھەمی شۆڕشی ئەیلوول دەزانن و دەڵێن، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ھەر چوار پارچەی کوردستانی لە ژێر یەک چەتردا کۆکردەوە و تەبایی و یەکخستنی لەناو کۆمەڵگه‌ی کوردی دروست کرد.

د. ساڵح مەلا عومەر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، په‌یوه‌ست به‌ ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، شۆڕشی ئەیلوول ڕاستە یادەکەی ١١ی ئەیلوولە، بەڵام ئەگەر تەماشای باکگراوندەکەی بکەین، بۆ زۆر پێشتر و بۆ شێخەکانی بارزان دەگەڕێتەوە لە ساڵی ١٩١٤ کە شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەسەر بەرگریکردن لە مافی کورد لەسێدارە درا، کە تا دەگاتە شۆڕشی ئەیلوول خەباتێکی یەکجار گەورە کراوە و توانرا جۆرێک لە ڕێکخستن لە نێوان ھەموو گەلی کورد بە ھەموو پێکھاتە و چین و توێژەکانەوە بێتە کایەوە.

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، شۆڕشی ئەیلوول دابەشی چەند قۆناغێک دەکرێت، لەوانە دەستپێکی شۆڕش لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تاڕادەیەکی زۆر تەبایی و یەکخستنی لەناو کۆمەڵگه‌ی کوردی دروست کرد و بووە ھۆی ئەوەی ھەموو چین و توێژەکان بەشداریی شۆڕش بکەن، کە ئەوکات ھەرێمی کوردستان پاڵپشتیی دەستووریی وەکو ئێستای نەبوو، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ھەموو چین و توێژەکان ھاتن بەشدارییان لەو شۆڕشە مەزنەدا کرد و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش ھەبوو و ئەوانەی دانیان بە مافی کورددا نەدەنا، ناچار بوون دانی پێدا بنێن و دواجار رێککەوتننامەی ١١ی ئاداری لێکەوتەوە و وای کرد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێگەی کورد گفتوگۆی لەسەر بکرێت و ھەموو وڵاتانی جیھان ئاگادار کرانەوە، کە کورد چۆن داوای مافی خۆی دەکات و رێککەوتننامەی ١١ی ئادار وای کرد جۆرێک ماف بە گەلی کورد بدرێت، کە پێشتر بەغدا بە ھەموو شێوەیەک گفتوگۆی رەت دەکردەوە.

د. ساڵح مەلا عومەر گوتیشی، ئەو شۆڕشە بووە بنەما بۆ ئەوەی کورد مافی خۆی بەدەست بێنێت و لە دوای راپەڕین بنەماکانی فیدراڵی لەناو عێراق بچەسپێنین و ھەرێمی کوردستان دروست بکەین، کە ئەمە ھەمووی بۆ خەباتی شۆڕشی ئەیلوول دەگەڕێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٥یش بە شێوەی فەرمی سیستمی فیدراڵی لە دەستووردا بۆ کورد چەسپێندرا، ئەوەش بۆ خەباتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە و ئێستا لەسەر ئاستی جیھاندا رێز لە پێشمەرگە دەگرن، ئەوەتا وڵاتێکی وەکو فەڕەنسا بانگهێشتی سەرۆک بارزانی دەکات وەکو فەرماندەی باڵای پێشمەرگە، کە بەرەنگاری داعش بووەوە و بە شێوەیەک نیشان درا کە ئەوە تەنیا بۆ پاڵپشتی لە مافی کورد نەبوو، بەڵکو وەک بەڵگە نیشان درا کە ھێزی پێشمەرگە بەرگریی لە مرۆڤایەتی کردووە، ئەمە بنەماکانی بۆ شۆڕشی ئەیلوول دەگەڕێتەوە و بێگومان ئەوەش بە ڕۆژێک ناکرێت و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ شۆڕشی ئەیلوول دەگەڕێنەوە.

دەشڵێ، ریفراندۆمیش بەرھەمی ئەو شۆڕشەیە، کە گەورەترین سەرکەوتن بوو بۆ گەلی کورد لە ڕوانگەی سیاسی و مافەوە و دەرفەتێک بوو بۆ گەلی کورد بچن دەنگ بۆ مافی خۆیان بدەن و بێگومان ئەمەش مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان بوو.

ھەر لەم بارەیەوە، د. ئیدریس ڕەمەزان، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین گوتی، ئامانجی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد بوو، بۆ ئەوەی بگاتە بەسەربەخۆیی کوردستان و ھاووڵاتیی کوردستان ھەست بە بوونی خۆی بکات و ئازاد بێت، بۆیە ئێستا گەلی کورد ئازاد بووە و بووەتە خاوەنی ھەرێمی کوردستان و فیدراڵی و مافەکانی لە دەستووردا دیاری کراون، کە ئەوە بەرھەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە و پێویستە ئێمەش ئەمڕۆ درێژە بە خەبات بدەین بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول بەردەوام بن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئێستا پێویستە بۆ خەڵکی خۆمان ئەوە ڕوون بکەینەوە كه‌ ئامانج لە ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول چی بووە و جیلی ئێستا زانیارییان لەسەر شۆڕشی ئەیلول کەمە و پێویستە بۆیان ڕوون بکەینەوە، کە قوربانیی زۆر لەپێناو بەدەستھێنانی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ دراوە و شەھیدی زۆرمان داوە، بۆیە پێویستە ھەمووان لەوە تێبگەین بەرھەمی ئێستا ھی شۆڕشی ئەیلوولە و چەندە خەبات و قوربانی دراوە تا کوردستان گەیشتووەتە ئەم قۆناغە و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ، بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە دەستکەوتەکان بکەین و خەباتیش بەردەوام بێت تاوەکو مافەکانی خۆمان بەپێی دەستوور بەدەست بهێنین.

هاوکات، د. فاخیر حەسەن، مامۆستای زانکۆ لە زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، شۆرڕشی مه‌زنی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١وە دەستی پێکرد، کە یەکێکە لە بەھێزترین و درێژترین شۆڕش لە کوردستان، ئەو شۆڕشەش زۆر خاڵی تایبەتی ھەیە، لەوانە درێژترین شۆڕشی ھەرێمی کوردستانە، یەکەم شۆڕشە ھەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوونە لە ھەموو ناوچەکان و بەرگرییان لە خاکی کوردستان کردووه‌، کە بەداخەوە زۆر لەوانەش شەھید کران و سەرەڕای ئەوەی کوردی باشوور بەشدار بوون لەو شۆڕشە، کوردستانیانی پارچەکانی دیکە و پێکھاتەکانی دیکەش بەشدار بوون، ئەوەش بۆ گەورەیی بارزانیی نەمر دەگەڕێتەوە، کە کوردی لە ژێر یەک چەتردا کۆکردەوە.

د. فاخیر، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، بارزانیی نەمر لە وتەکانی خۆیدا باسی لەوە کرد، کە ڕێگە نادات دەستدرێژی بکرێتە سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، ناهێڵین کوردستان بکەوێتە ژێر دەستی زۆرداری، کە تا کۆتایی ژیانی بەرگریی لە خاکی کوردستان کرد.

دەشڵێ، بارزانیی نەمر ھەوڵی جیددی دا لە رێککەوتننامەی ١١ی ئادار دەستکەوتی زۆر بۆ کورد بەدەست بێنێت، کە یەکەم جار بوو دەستکەوت بۆ کوردستان بەدەست بێت، لەوانە حوکمی زاتی بۆ کوردستان و بە درێژایی ئەو شۆڕشەش بە ورەیەکی بەرزەوە پێشمەرگە درێژەی بە شۆڕش دا.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار