٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كاتەكانی دەست پێ كردن و دانووساندنەكانی شەڕ بە درێژایی شۆڕشی ئەیلوول، و شەڕە سەرسەختەكان و بۆردوومانەكان بەسەر ناوچەكانی باڵەكایەتیدا

سەرچاوە: KDP.info

ئیسماعیل گوندەژۆری

دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەت، بیری كوردایەتی و نەتەواویەتی لەناخی هەمواندا هەبوو، پێش مانگی (ئەیلوولی 1961) راپەرینێكی هەڕەمەكی لە گەلالەو سەر قشلەی رایەت دەستی پێكرد لە بەرامبەر نارەزایی هاولاتیان لە دەستەڵات، مەخفەری گەلالە سوتێندراو بەڵام قشلەی رایەت نەتوانرا بگیرێ، رژێم دوای (15) رۆژ بەهاوكاری جاشە لایەنگرەكانی، باڵەكایەتی گرتەوەو بەشێكی زۆری خەڵكی باڵەكایەتی دەستگیركران و لە بەندیخانەی نوگرە سەلمان دەستبەسەر كران، هەندێكی تریش لە كەركوك دەستبەسەر كران، رۆژانەو لیدان و دەركردن و ئیهانەكردنی هاولاتیان بەردەوام بوو لەلایەن رژێمەوە، ئەو بارودۆخە بەردەوام بوو تاكو مانگی ئاداری ساڵی (1962)و هاتنی بارزانی نەمروو زیاتر لە (500) یاوەری بۆ ناوچەی باڵەكایەتی. هەر لەو كاتەی پێنانی بارزانی نەمر بۆ باڵەكایەتی رۆژ لە دوای رۆژ ناوچەكە لە دووژمن پاك دەكرایەوەو سەركردایەتی سیاسی كوردو شۆرش لەو ناوچە بەرقەراربوو تاكو نسكۆی شۆڕش لە ساڵی (1975).

 لە (11ی ئەیلوولی 1961) شەڕ دەستی پێ كردو لە (7ی ئاداری 1962) بوو بە دانوساندن، دووبارە بەهەڕەمەكی شەڕ دەستی پێكردوو لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵ دانوستاندن بەرقەراربوو بەهەمان شێوەی پێشوو سەری نەگرت. لە(8ی شوباتی1963) شەڕ دەستی پێكردەوەو بەردەوام بوو تا (8ی ئاداری 1963) دانوستاندن هەبوو، لە (9ی حوزەیرانی1963) شەڕ دەستی پێكردوو لە (10ی شوباتی 1964) وەستا. لە (1ی نیسانی 1965) شەڕ دەستی پێكردو بەردەوام بوو تاكو (29ی حوزەیرانی 1966) وەستا. پاشان لە ناوەڕاستی ساڵی (1969) شەڕ دەستی پێكردوو بەردەوام بوو تاكو كۆتایی ساڵی (1969) وەستاو بەیاننامەی (11ی ئازاری 1970)ی بەسەردا هات. لە (10ی ئازاری 1974) شەڕ هەڵگیرسایەوەو بەردەوام بوو تا ئاوارەبوونی خەلك بۆ وڵاتی ئێران لە (10ی ئاداری 1975) نسكۆو تێكچوونی شۆڕش.

 لە (4ی حوزەیرانی 1962) فڕۆكەی هێرشبەر بۆمبهاوێژیان لە بەیانیەوە تا ئێوارە كرد، بەسەر تەواوی خاكی باڵەكایەتیدا. لە (5ی تەمووزی 1962) وەفدێك لەلایەن قائید فرقەی دوو هاتنە (حاجی ئۆمەران) بۆ مفاوەزات، بەڵام مەبەستی دووژمن پێكهاتن نەبوو، بەڵكو غافڵاندن بوو، چونكە شەڕ بەردەوام بوو. لە (10ی تەمووزی 1962) دووژمن بە پشتیوانی جاشە لایەنگرەكانی لە (بەرزێوە)وە هێرشێكی زۆر بەربڵاوی دەست پێ كرد، بەرەو (گەڵاڵەو رایات). لە (1ی ئابی 1962) (مەلا مستەفای بارزانی) گەڕایەوە گوندی (گەزنە)، لەو رۆژەدا گەورەترین شەڕ دروست بوو لە (پردی حافیز) لە نێوان لیوای سێی رژێم و پێشمەرگەی شۆڕش. لە سێ سریەو فەوجێك تەنها (15) سەرباز توانیان رزگاریان ببێ، ئەوانی تر كوژران و گیران. لە (22ی ئابی 1962) فڕۆكەی (ئیلیۆشن) بۆمبارانی بارەگای بێتەلی كرد لە (مەندێر)، كە پێشمەرگە (عەبدوڵڵای كوێخا رەسولی بنادیزان) كوژراو پێشمەرگە (كەریم مستەفا بندایزانی) برینداربوو.

 لە (4ی ئەیلوولی 1962) فڕۆكە گوندی (گەزنە)ی بۆردوومان كردوو ئافرەتێكی گوندی كوشت، دووبارە رۆژی دواتر فڕۆكەی دووژمن گوندی گەزنەی بۆردوومان كردەوەو ژنێكی تریش كوژرا. لە (10ی كانوونی دووەمی 1963) رژێم لێبوردنێكی گشتی راگەیاند، بۆ ئەو كەسانەی چەكیان هەڵگرتووەو دەبەخشرێن بگەڕێنەوە ناو دەوڵەت. بەڵام كەس گوێی پێ نەدا. لە (8ی شوباتی 1963) (بارزانی نەمر) (جەلال تاڵەبانی)ی وەك نوێنەری خۆی ناردە لای قائیمقامی (پشدەر) بەمەبەستی دانوستاندن و شەڕنەكردن بۆ جێبەجێ كردنی داخوازیەكانی گەلی كورد.

 لە (11ی شوباتی 1963) (عەبدولسەلام عارف) بڕیاری دەركرد كە هەرچی گەورە پیاوی حیزبی شیوعی بیان كوژن. بۆیە ئەوانیش هاتنە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش. لە (13ی شوباتی 1963) (بارزانی نەمر) چەند كەسێكی ناردە (بەغدا) بۆ گفتگۆكردن، بۆیە كات و شوێنیان دیاری كرد بۆ گفتوگۆ. لە (17ی شوباتی 1963) (جەلال تاڵەبانی و سالح یوسفی) نوێنەری تایبەتی (بارزانی نەمر) بوون لەگەڵ (كەریم قەرەنی) نوێنەری حكومەت لە (بەغدا) كۆبوونەوە. داخوازیەكانی نوێنەری شۆڕش ئەمانەبوون:

1_ داننان بە حوكمی زاتی لە كوردستان.

2_ دیاری كردنی سنوری كوردستان.

3_ زمانی كوردی رەسمی بێت.

4_ حوكمی زاتی لەسەر ئەساسی پەرلەمانی دیموكراتی بێت. ژمارەی وەزیرەكانی كورد لە (بەغدا) هەبێت. جێگیركردنی راژەی دیاری كراو لە سوپا كە(هاوڕاژەبێت لەگەڵ ژمارەی هاوڵاتیانی كورد، بەشە سوپاكەی كورد دیاری بكرێت لە پیادەو ئاسمانی و موخابەرەو هەندەسە).

5_ دامەزراندنی موئەسەساتی سەربازی لە كوردستان.

6_ هێشتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە كوردستان.

 لە (4ی ئاداری 1963) وەفدی حكومەت پێكهاتبوون لە (فوئاد عارف) وەزیری دەوڵەت و (بابا عەلی شێخ مەحمود و تاهیر یەحیا) سەرۆكی ئەركانی سوپا و چەند لێپرسراوێكی دیكەش هاتنە لای (مەلا مستەفای بارزانی) لە قوللەی (كانی ماران) ناوچەی (بێتوێن)، (مەلا مستەفای بارزانی) ئەو داخوازیانەی خوارەوەی پێشكەش كردن.

أ_ داننان بە مافەڕەواكانی میللەتی كورد، لەسەر ئاستی ئیدارەی زاتی، ئەم دان پێدانانە لە دەستووری موەقەتدا بنووسرێ و دواتر بخرێتە ناو دەستوری دائیمیەوە، كاتی تەشریع كردنی دەستور ئەم مافانە لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشەوە روون دەكرێتەوەو دەستبەجێ ئیشی پێ دەكرێ.

ب_ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی لێبوردنی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانەی بەشداریان لە كێشەی كورددا كردووە.

جـ_ پاككردنەوەی دام و دەزگای حكومەت لە هەموو ئەو كەسانەی زیانیان بە كوردو ناوەچەكانی كوردستان گەیاندووە.

د_ لابردنی حجز لەسەر موڵك و پارەی ئەو كوردانەی هاوبەشی (شۆڕشی ئەیلوول)یان كردووە.

ه_ لابردنی گەماڕۆی ئابووری لەسەر كوردستان.

و_ كێشانەوەی هێزەكانی سوپا لەسەرانسەری كوردستان.

 لە (9ی ئاداری 1963) لە رادیۆی (بەغدا) بەیاننامە بڵاوكرایەوە كە حكومەت دان ئەنێ، بە مافی كورد لەسەر ئەساسی حكومەتی لامەركەزی. لە (16ی ئایاری 1963) (جەلال تاڵەبانی)و وەفدی شۆڕش جارێكی تر لە كوردستانەوە رۆیشتن بۆ (قاهیرە). دوای ئەوەی بەیاننامەی (وحدە اتحدایە) لە نێوان (میسرو سوریاو عێراق)دا بڵاوببوەوە. دوای ئەو كۆبوونەوانە مفاوەزات سەری نەگرت و (عەبدولسەلام عارف) لە رادیۆی (بەغدا) بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە گوتی: گفتوگۆی نێوان حكومەت و (بارزانی) پووچن و بڕیاری شەڕی دا، بۆیە هەمان رۆژ لە (10ی حوزەیرانی 1963) رژێم جەیش و جاشی كۆكردبووەوە بەشێوەیەكی بەربڵاو لە (هەولێر)ەوە بەڕێ كەوتن بۆ (شەقلاوە)و هێرشیان هێنا. بەڵام هەروەكو جارەكانی پێشوو رژێم نەیتوانی ئامانجەكەی بپێكێ و بەرگری پێشمەرگە بڕوخێنێ. لە (28ی تشرینی دووەمی1963) (عەبدولسەلام عارف) بەیاننامەیی لێبوردەی دەركرد بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە (شۆڕشی ئەیلوول)ن.

 لە (16ی كانوونی یەكەمی 1963) ئەفسەرێكی پلە بەرز بەناوی (زەعیم ئەسكەندەر) هاتە لای (بارزانی) لە گوندی (ناوكێلەكان)، كە نوێنەری (عەبدولسەلام عارف) بوو بەمەبەستی كردنەوەی دەرگای وتووێژ. لە (18ی كانوونی یەكەمی 1963) (بارزانی) چووە گوندی (خانەقا). لەوێوە (بارزانی و جەلال تاڵەبانی و نوری شاوەیس) رۆیشتن بۆ گوندی (بەرزێوە) بۆ وتووێژ، كە ئەوكات (شێخ ئەحمەد) وەك بارمتە لە (رواندوز) دەست بەسەر بوو تا وەفدی حكومەت لە (بەرزێوە) دەگەڕێتەوە ناو حكومەت. لە (20ی كانوونی یەكەمی 1963) وتوێژو كرا، لە نێوان (بارزانی) و وەفدی حكومەت لە (بەرزێوە). لە مانگی (یەكی 1964) (حاجی عەبدولرەزاق) پارێزگاری (سلێمانی) پەیامبەری (عەبدولسەلام عارف) بوو.

 لە رۆژی (25ی كانوونی دووەمی 1964) لەسەر فەرمانی (بارزانی) هێزەكانی پێشمەرگە لە هەموو بەرەكانی شەڕ ئاگاداركرانەوە كە دوور كەونەوە لە رێگا سەربازیەكان و دانوستاندن لەگەڵ حكومەتە. لە (10ی شوباتی 1964) لە رادیۆی (بەغدا) رێككەوتننامەی نێوان (عەبدولسەلام و بارزانی نەمر) بڵاوكرایەوە.(ئێران) پێی ناخۆش بوو، بۆیە (ئێران) كۆمەكی كوردی كرد تاكو شەڕ بەردەوام بێت. لە (3ی حوزیرانی 1964) شۆڕش مەشروعێكی ئامادەكردبوو بۆ حكومەت و بداتەوە وەفدەكە، چونكە رۆژی پێشتر ئەو وەفدە مەشروعێكی حكومەتیان بۆ شۆڕش هێنابوو.

 لە (1ی كانوونی دووەمی 1965) شەڕێكی زۆر توند لە سەر رێگای (سلێمانی كەركوك) لەنێوان سوپاو لقێكی پێشمەرگە روویدا. سەربازێكی زۆر كوژرا. بەو هۆیەوە زەمینە خۆش بوو بۆ شەڕ نەك بۆ دانوستاندن. لە (1ی نیسانی 1965) شەڕ دەستی پێكردەوە لەنێوان حكومەت و شۆڕش. میری پاشگەزبووەوە لەو بەڵێنەی ریككەوتننامەی لامەركەزی. بەهۆی لاوازی بەغدا بەرامبەر شەڕی پارتی زانی شۆڕش لە (7ی نیسانی 1965) دووبارە حكومەتی (بەغدا) لێبوردنێكی گشتی راگەیاند، بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە (شۆڕشی ئەیلوول) بەشدارن. لە (1ی ئابی 1965) سوپای پێشمەرگە چیای (سەفین)یان لە حكومەت پاككردەوە، تا چوار رۆژان فڕۆكەكانی رژێم بەسەر تەواوی ناوچەی باڵەكایەتی دەسوڕانەوە، دواجار دوو فڕۆكەی هێرشبەر بۆردوومانی (حاجی ئۆمەران)یان كردوو لە رەشماڵ و خیوەتەكانی (بارزانی نەمر)یان داو هەشت كەس برینداربوون، رۆژی دواتر گوندی (زینوەی شێخ)ی بۆردوومان كرد، لە هەموو لایەكی كوردستان شەڕ بەردەوامبوو.

 لە (9ی ئەیلوولی 1965) دوو فڕۆكەی تری جەنگی بۆردوومانی كۆمەڵێ رەشماڵی رەوەندەكانی خوار ماڵی (بارزنی نەمر)یان كرد لە (حاجی ئۆەمەران)و حەوت ژن و پیاوێكی كوشتن. لە (2ی تشرینی یەكەمی 1965) حكومەت (شێخ بابا عەلی شێخ محمود)ی نارد بۆ وتووێژ لەگەڵ شۆڕش. لە (3ی تشرینی یەكەمی 1965) حكومەت بەیاننامەی لێبوردنی بڵاوكردەوە كەلە هەموو ئەو كەسانە دەبوورێ لەناو شۆڕشن و ماوەی لێبوردنەكەشی درێژكردەوە بۆ (1ی تشرینی دووەمی 1965). بەڵام لە (16ی تشرینی یەكەمی 1965) فڕۆكەی بۆمبهاوێژ چووە سەر گوندی (دیلمان) و گوندەكانی دەوراوپشتی بەسەختی بۆردوومان كرد، خەڵكەكە وایان دەزانی فڕۆكە هاتووە بەیاننامەی ئاشتی بڵاودەكاتەوە. لە (24ی تشرینی یەكەمی 1965) رەئیس ئەركانی جەیش و موتەسەڕیفی (هەولێر) چوون بۆلای (شێخ ئەحمەد بارزانی) بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ (بارزانی) بكات كە حكومەت ئامادەیە بۆ وتووێژ. كەچی سودی نەبوو، بۆیە لە (5ی كانوونی یەكەمی 1965) حكومەت زۆر محاوەلەی كرد بۆ كردنەوەی دەرگای وتووێژ، بەڵام (بارزانی نەمر) هەر دەیگوت دەبێ لەپێشدا حكومەت دان بە مافەكانی گەلی كوردا بنێت ئینجا وتووێژ سازدەدەین. لە (13ی نیسانی 1966) (عەبدولسەلام عارف) لە فڕۆكە كەوتە خوارەوەو لەناوچوو، (عەبدولرەحمان عارف) هاتە سەر حوكم وەك سەرۆكی (عێراق).لە (2ی ئایاری 1966) رژێم دەستی كردەوە هێرش بردن لە هەردوو چیای (هەندرێن و زۆزك)، لە شەوی (2 لەسەر3ی ئاداری 1966) رژێم پەلاماری بەهاری بەناوی (توكلت علی الله) دەستی پێ كرد، بەمەبەستی داگیركردنی رێگای سەرەكی هاملتۆن كەلە (رواندز)ەوە تا سنوری (ئێران) درێژ دەبێتەوە، بەڵام پەلامارەكە دوای (12)رۆژ شكستی تاڵی خوارد بە داستانە گەورەكەی (هەندرێن) ناساندرا میری لەو هێرشانە سەرنەكەوت. لە (12ی ئایاری 1966) رووبەروویەكی زۆر گەورە روویدا لە نێوان بەرەی شۆڕش و رژێم لە ئەنجامدا زۆر بەسەختی تێكشكان و گەورەترین داستانی لێكەوتەوە، بۆیە ملكەچی خۆی نیشاندا بۆ وتوێژ. لە (29ی حوزەیرانی 1966) رێككەوتنامەی حكومەت بەسەرۆكایەتی (عەبدولرەحمان عارف) و سەرۆك وەزیران (عەبدولرەحمان بەزاز) بڵاوكرایەوە.لە (12ی ئاداری 1967) لە درێژەی رێككەوتنامەكەدا لە هەموو شارەكانی كوردستانی نوێنەری (بارزانی نەمر) دانران، لە (كەركوك) (شەفیق ئاغاو نوری شاوێس)، لە (سلێمانی) (موحسین دزەیی) و (مقدم نافیز جەلال) لە (هەولێر). لە (17ی تەمووزی 1968) حزبی بەعس هاتە سەر حوكم و سەرۆك كۆمار (عەبدولرەحمان عارف) دەركرا، سەرۆكی وڵات بووبە (ئەحمەد حەسەن بەكر). لە مانگی (نیسانی 1969) شەڕ دەستی پێكردەوەو لە هەموو لایەكی كوردستان بووەوە ئاگرباران، وڵاتی (ئێران) پشتگیربوو بۆ دەست پێ كردنەوەوی شەڕ، لەپێناو مەسلەحەتی خۆی، بۆیە لە ناو وڵاتی خۆی تۆپبارانی ناوچە سەربازیەكانی رژێمی دەكرد لە (رواندز)، ئەو شەڕانە بەردەوام بوون تا (10ی ئاداری 1970). لە مانگی (ئابی 1969) رژێم لە پەلامارێكی دڕندانەو ترسنۆكانەدا بۆ سەر ناوچەی (شمكان) لە سنوری (قەزای شێخان) لە گوندی (دەكان) (47) گەنجی كامڵە پیاوو ژن و منداڵ و پیر لە (ئەشكەوتی دەكان)ی كردوو چەند داریشی بە دەرگای ئەشكەوتەكەوە ناو بە ژمارەیەكی زۆری سەربازیش دەورەی ئەشكەوتەكەی گرت و دارەكانی گڕداو ئەوەی سوتاو ئەوەی دەرپەڕی شەهیدكراو كەسیان دەرنەچوون. دواتر تەنها ئافرەتێك بەناوی (ئامینە) دەرچوو، ئێستا لە ژیانەو لە پارێزگای (دهۆك) دەژیت. لەلایەكی ترەوە لە ناوچەی (سلیڤانە) لە (16ی ئەیلوولی 1969) لە گوندی (سۆریا) تەواوی خەڵكی ئەو گوندە ژن و پیاو پیرو منداڵ كۆ كرایەوە، كە موسلمان و مەسیحی بوون و لە تانۆیەكدا گوللە بارانیان كردن و دواتر گڕیان دان و سوتاندنیان، لەو پەلامارە وەحشیەدا (67) كەس شەهیدو برینداربوون. رێككەوتنامەكانی ساڵەكانی (1963و 10ی شوباتی 1963و 1968و 29ی حوزەیرانی 1969، بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970) حكومەتی بەغدا كێشەی بۆ دروست دەكردن و لە پیلانە گلاوەكانی كەمتەرخەمی نەدەكرد.

ئەو هەنگاوە خیانەتانەی رژێم بەرامبەر شۆڕشی كرد دوای بەیاننامەی (11ی ئادار):

 ا_ خۆ تەقاندەوەی مەلایەكان. لە (29ی حوزەیرانی 1971)دا تاقمە ئاخوندیەكی شیعەی (عێراق)ی داوایان كرد رێیان بدرێ بۆ دیتنی (بارزانی)، تا باسی ئەوەی لەگەڵدا بكەن كە ئاخۆ (بارزانی) دەتوانێ دەستەڵاتی خۆی و پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ رژێمی (بەغدا)دا كە هێشتا تێك نەچووبوو بەكاربێنێ، بەڵام ئەوەبوو كاتێ شاندی نێوبراو لەو رۆژەدا گەیشتنە بارەگای (بارزانی) لە (حاجی ئۆمەران)، تەنیا ئەو چوار ئاخوندە شیعە نەبوون كە دیاریكرابوون، بەڵكو هەشت مەلا بوون، یان روونتر بڵێین هەشت كەس بوون، بە جلی مەلایان، لێكۆلینەوەكانی دواتریش دیاركەوت كە دەزگای مخابەراتی (عێراق)ی سوور بوو لەسەر ئەوەی كە چوار كەس لەنۆكەرانی راگەیاندووە، كە ریكۆرد لەژێر جلەكانیانەوە قایم كرابوو، پێویستە كە هەر دەست بە قسان كرا لەگەڵ (بارزانی)، ریكۆردەكان بخەنەكار تا هەرچی یەك دژی دەوڵەت و حكومەت دەڵێ تۆماری بكەن، نیاز ناپاكی ئەو شاندە زیاتر لە ژێرباڵی مخابەرات بوو، بۆیە وەك بێ ئاگایی مەلایەكانیش لە جیاتی ریكۆرد بۆمب لەژێر جلەكانیانەوە بەسترابوو، لەگەڵ دوگمە داگرتنی لە كاتی سفر بۆخۆیان تەقینەوەو چایەچیەكی (بارزانی)ش شەهیدبوو، بەڵام خۆشبەختانە (مەلا مستەفای بارزانی) زۆر بەسوكی برینداربوو، لە دەروەش شوفێرەكان وەك پیلانی بۆ دارێژرابێ دەستیان كرد بە نارنجۆك فڕێدان و ئالۆزی دروست كرد، بەڵام لەوەشیان پێشمەرگەكان لێیان وەخۆ كەوتن و هەمویان كوشتن.

ب_ تیرۆركردن و قەڵاچۆكردنی كوڕان و پیاوانی عەشیرەتی (بارزانی) و بنەماڵە شێخەكانی بارزان.

جـ_ تیرۆركردنی (ئەحمەد تۆفیق) بە پیلانی (نازم گزاز).

د_ كوشتنی (قادر تەگەرانی) و برادەرەكانی هەر بە پیلانی (نازم گزاز).

ه_ هاندانی گەڕاندنەوەی كەسایەتیە گەورەكانی ناو شۆڕش لە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی تیرۆركردنیان.

و_ هاندان بۆ جێگیركردنی جەنڕاڵ (بەختیار) لە (عێراق) بمێنێ، بۆ ئەوەی تیرۆری بكەن.

لە (23ی ئاداری 1974) وتووێژ لەنێوان كوردو رژێمی بەعسدا نەما، هەموو فەوجەكانی حەڕەس حدود هەڵوەشێنران. لە (26ی ئاداری 1974) رژێمی بەعس هێرشێكی بەربڵاوی لە (موسڵ)ەوە بەرەو (زاخۆ) دەست پێ كرد. لە (29ی ئاداری 1974) پێشمەرگەكان فڕۆكەیەكی (مێكی 19)یان پێكابوو فڕۆكەوانەكە ناوی (هاشم قەدۆ) بوو لە (ناوپردان) نێژرا. لە (24ی نیسانی 1974) بۆردوومانی شاری (قەڵادزە)و دواتر بۆردوومانی (هەڵەبجە)و لە (26ی نیسان)ی هەمان ساڵیش بۆردوومانی (پردی گەڵاڵە)و (حاجی ئۆمەران و رواندز) كرد كەبە سەدان هاولاتی كوردی شەهید كردن. لە (21ی تەمووزی 1974) فڕۆكەیەكی جۆری (سیخۆی 7) پێكێنراو لە (كەرڤان) كەوتە خوارەوە.لە مانگی (ئەیلوولی 1974) شای (ئێران) بواری هەموو كوردە راكردوو هەڵاتوەكانی دا بچنە ناو (ئێران)ەوە، نزیكەی نیو ملیۆن كورد چوونە (توركیاو ئێران). لە (10ی ئەیلوولی 1974) هێرشی گەورەی رژێم دەستی پێكردوو بەرەو ناوچەی (گەڵاڵە)هات. لە (14ی كانوونی یەكەمی 1974) پێشمەرگەكان بەهۆی چەكی (هەنتەر_هۆك) توانیان فڕۆكەیەكی (توپولیف) بپێكن و لە نزیك (چۆمان) كەوتە خوارەوە. لە (20ی ئاداری 1975) رژێم بڕیاری راگرتنی شەڕی داو، داوا لە هاوڵاتییانی پێشمەرگەو بێ چەك كرا بگەڕێنەوە باوەشی حكومەت.

 

سەرچاوە:.

_بزوتنەوەی رزگاری خوازی كوردستان (مسعود بارزانی)

_شۆرشی كوردستان (شەوكەت مەلا ئیسماعیل)

_بیرەوەریەكانم (عبدالله ئاغا پشدەری)

_بیرەوەریەكانم (محمد ملا قادر)

 

هەواڵی پەیوەندیدار