٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی پێشهاتێکی مەترسیدارە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئیدانەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ‌عێراق دەکەن و بە پێشھاتێکی مەترسیداری دەزانن، هاوکات دەڵێن، ئەم ھەنگاوانەش گومان لە جدیەتی حکوومەتی عێراق زیاتر دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانیەکان و پێچەوانەی ئەو بنەما ھاوبەشانەشە کە حکوومەتی ئێستای عێراقی لەسەر بنیات نراوە..

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم:

بڕیاری قەدەغە کردنی زمانی کوردی و ڕێگری کردن لە خوێندکاران و قوتابیان کە بەزمانی کوردی وەڵامی تاقیکردنەوەکان بدەنەوە، جگە لەوەی خەرقی ڕوونی ماددەی چواری دەستووری عێراقە، لە ھەمان کاتدا پێشھاتێکی مەترسیدارە و بەلامانەوە جێی پرسیارە کە وەزارەتێکی گرنگی وەک وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی و بە نووسراوی فەرمیی و بەڕۆژی ڕووناک بڕیارێکی لەم جۆرە دەردەکات، ئەگەرچی ئەم کارە نوێ نیەو ساڵانە ئەم گرفتەیان بۆ فێرخوازانمان لە ناوچە کوردستانیەکان دروست کردووە، بەڵام ئەوەی ئەم جارە ڕووبەری گرفتەکەی فراوانتر کردووە نووسراوی فەرمیە بۆ ئەم ھەنگاوە دژ بەدستوورە.

ئێمە لە دەستەی ناوچە گشتی ناوچە کوردستانیەکان سەرباری ڕەتکردنەوەی ھەر ھەنگاوێێکین کە پێچەوانەی دەستوور بێت لەھەمان کاتدا ڕای دەگەیەنین کە حکوومەتی عێراق کەمتر لە دوو مانگدا دوو بڕیاری نادەستووری پیادەکردووە لە ناوچە کوردستانیەکان، لە دروستکردنی قەزای قەرەتەپەو ئەم بڕیارە نوێیەیان، ئەم ھەنگاوانە مەترسیدارن و گومان لە جدیەتی حکوومەتی عێراق زیاتر دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانیەکان و پێچەوانەی ئەو بنەما ھاوبەشانەشە کە حکوومەتی ئێستای عێراقی لەسەر بینا کراوە.

بۆیە داوادەکەین لە نوێنەرانمان لە بەغداد ھەر لە بەڕێز سەرۆکی کۆمارو وەزیر و ئەندامانی پەرلەمان ھەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەو دەسەڵاتی یاسایی و دەستووری خۆیان پیادە بکەن لە پێناوی پاراستنی گیانی ھاوبەشێتی لە ناوچە کوردستانیەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور.

 

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم

٢٦-٧-٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار