پۆلیس ههنگاوی نوێ له بارهی نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت له KDPیهوه ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی یاسای چەک بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، لە ئێستادا ڕێژەی تاوان زۆر کەمی کردووە، بەڵام بۆ نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت پێویستە دوو ھەنگاوی دیکە بنێین، ئەوانیش ھۆشیاریی کۆمەڵگه و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە چەکەوە دەکەن.
عەقید کارزان غەفووری، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یاسای چەک وەکو خۆی جێبەجێ کراوە، بەڵام ئێمە وەکو پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان لە مەفرەزە ھاوبەشەکان بێت یاخود بازگەکان، دەست بەسەر چەکی بێمۆڵەتدا دەگرین و ڕادەستی یاسا دەکرێن، بەڵام ئەوەی گرنگە بکرێت بۆ نەھێشتنی ئەم دیاردەی چەکھەڵگرتنە، پێویستە ھەوڵ بدەین ئەو کەسانە دەستگیر بکەین چەک بە نایاسایی دێننە ھەرێمی کوردستان، چونکە سنوورمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پارێزگاکانی عێراق هەیە و ئەوەی بازرگانی بە چەک دەکات، پێویستە دەستگیر بکرێن، بۆ ئەوەی بتواندرێت کۆتایی بەو دیاردەیە بھێندرێت، لەبەر ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان کارگەی چەک نییە و ئەو ھەموو چەکە چۆن ھاتووە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەرچەندە ھیچ وڵاتێک ناتوانێ لە ئەمەریکا و ئەورووپاش ئەوە بکات و چەکی نایاسایی نەھێڵێت.
عەقید کارزان غەفووری گوتیشی، "ئێمە بەردەوام ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی نایاسایی ئەنجام دەدەین و ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکیش بەردەوامە و ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ھەنگاوی دیکە بنرێت بۆ ئەوەی ھەر نەبێت بتوانین ٨٠%ی ئەو دیاردەیە بنبڕ بکەین، بۆیە ھەنگاوێکی دیکەی گرنگمان ناوە ئەویش کۆمەڵێک پەیجی زۆر ھەبوو بازرگانییان بە چەکەوە دەکرد ڕێژەیەکی زۆری ئەو کەسانەی خاوەنیانن توانیمان دەستگیریان بکەین و پەیجەکانیش لەناو ببەین، کە ئەوە ھەنگاوێکی باش بوو بۆ ئەوەی کەسانێکی لەیاسادەرچوو نەتوانن ئەو کارە بکەن، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ئەوانەی بازرگانی بە چەک دەکەن دەستگیر بکرێن، بەتایبەت لە بازگە ھاوبەشەکان لەگەڵ عێراق، ئەگەرنا لە بازگەکانی خۆمان ڕێگە نادرێت نەک چەک بگرە فیشەکێکیش بێتە ناو ھەرێمی کوردستانەوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، پاش جێبەجێکردنی یاسای چەک لە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی پێش دەرچوونی یاسای چەک و دوای دەرچوونی یاساکە، ڕێژەی تاوان و کوشتن و تەقەکردن و بریندارکردن و ھەڕەشەکردن یەکجار زۆر کەمی کردووە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لە دوای جێبەجێکردنی یاسای چەک، بۆیە ھەنگاوی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکجاری ئەو دیاردەیە کەم بکەینەوە.
دەشڵێت، پێمان باشە وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵاش بەشداری لە ھەڵمەتی نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت بکەن، چونکە خەڵکێکی زۆر ھەیە نازانێت و شارەزایی لە یاسای چەک نییە و ئەگەر ھۆشیار بکرێنەوە ئەوکات خەڵکێکی زیاتر ھەست بە مەترسییەکان و سزاکانی ئەو یاسایە دەکەن و خۆیان لە چەکی بێمۆڵەت دوور دەخەنەوە، بۆیە پێویستە وەزارەتەکانی دیکەش شانبەشانی وەزارەتی ناوخۆ ڕۆڵی خۆیان ببینن و ئەوە ئەرکی ھەموومانە بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لەو دیاردەیە بکەین.
بڵند ئیبراھیم




