٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی حکوومەت بۆ KDP. info باسی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی دەڵێت، لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی ھەموو داواکاریەکان دەربڕیووە."

پێشەوا ھەورامی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەیە، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیران قسەی لەسەر کرا، لەبارەی داھاتی ناوخۆ و لەسەر نەوتیش گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ ئەوەی ئەوانیش مووچە ڕەوانە بکەن، سەرۆکی حکوومەت پێی باش بوو ئەم پرسە لە ئەنجوومەنی وەزیران باس بکرێت و بەتەنیا بڕیار نەدات، ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و ئەندامانی ئەنجوومەن پێیان باشبوو لەم پرسە ئاسانکاری بکرێت، بۆیە تەواوی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم ڕەزەمەند بوو." 

پێشەوا ھەورامی گوتیشی "ڕێککەوتنەکە ھەموو خاڵەکانی تێدایە و ڕێککەوتنێکی باشە، ئێمە دەمانەوێت سەرەتا مووچە دابین بکرێت، خەڵک بەھۆی نەدانی مووچە لە دۆخێکی خراپ دان و حکوومەتی عێراق ماوەیەکی درێژە مووچەی نەداوە، بۆیە ئەوەی ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ھەرچی داواکاری ھەیە جێبەجێی دەکات، ھەندێک داواکاری قورسیش ھەبوو، ئەوانیش جێبەجێ دەکرێن." 

دەشڵێت "ھەرێم بۆ ڕێککەوتن ئامادەیە، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی لە داھاتوو ڕێککەوتنی فراوان بکرێت، ماوەیەکی زۆریشە پەیوەندی ڕۆژانە لەگەڵ بەغدا ھەیە، بۆیە پەیوەندی نەپچڕاوە و گفتوگۆ بەردەوامە، نوێنەرانی کورد لە بەغدا وەڵامی عێراق دەدەنەوە، ئێمەش بە ڕاگەیەندراوی فەرمیی ڕێککەوتنەکەمان ڕاگەیاندووە." 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار