یەکێتی قوتابیان و لاوان ھەڵمەتێکی فراوانیان لەبارەی خۆپارێزی لە ماددەی ھۆشبەر دەستپێکرد

ھەولێر -KDP.info- سکرتێری یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی خۆپارێزی لە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستپێکرا و بەھەزاران ئاگانامە بەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت کە ٥٥٠ کادیرمان ئەو ئەرکە ڕادەپەڕێنن."
شڤان محەمەد، سکرتێری یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ وەکو یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ھەڵمەتێکمان بۆ خۆپارێزی لە ماددەی ھۆشبەر لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لە زاخۆ تاخانەقین دەستپێکردووە، بە ھەزاران ئاگانامە بەسەر سەرجەم قوتابی و لاوان و دانیشتوانی ھەرێمی کوردستاندا بڵاو دەکرێتەوە، ئەم ھەڵمەتە لە ٦٠ لق، نووسینگە و ناوەندی لاوان و قوتابیان ئەنجام دەدرێت، نزیکەی ٥٥٠ کادیر ئەم ھەڵمەتە بەڕێوە دەبەن."
شڤان محەمەد گوتیشی "لە قۆناغی ئێستا ھۆشیاریی خۆپارێزی و تەندروستی و زیانی ماددەی ھۆشبەر و زیانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆپارێزی بڵاو دەکەینەوە، لە قۆناغی داھاتوو کاری دیکە دەکەین، ئەوکات کارەکە ڕادەگەیەنین، بەڵام لەم قۆناغە تەنیا ئاگانامە بڵاو دەکەینەوە."
بڵند ئیبراھیم




