پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی سیدەکان دابین دەکرێت

سیدەکان -KDP.info- قایمقامی قەزای سیدەکان دەڵێت "نەخۆشخانەی سیدەکان تەواوبووە، بڕیارە حکوومەت بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار پێداویستی بۆ دابین بکات و ٥٠ کارمەندیشی بە گرێبەست بۆی بدامەزرێنێت."
ئێحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ھەندێک پڕۆژەی ساڵی ڕابردوومان ھەن خەریکین تەواویان دەکەین، ئەوانیش پڕۆژەی ڕێگاوبان و دابینکردنی پێداویستی نەخۆشخانە و ھەندێک ئاوەڕۆ و قیڕتاوکردنی ھەندێک ڕێگای ناوخۆیییە بەگوژمەی زیاتر لە ٣ملیار دینار. نەخۆشخانەی سیدەکان وەکو بینا تەواو بووە، تەنیا پێویستمان بە میلاک و پێداویستی تەندروستی ھەیە، بۆیە وەزیری تەندروستی سەردانی کردین و دەرخستە کردووە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی بدات تا بەگوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار پێداویستی تەندروستی بۆ نەخۆشخانە بکڕین و دەست بە کار بکات."
چەلەبی ڕوونیشی کردەوە "نەخۆشخانەکە ٢٥ قەروێلەییە و بەگوژمەی ٤ملیار و ٥٠٠ملیۆن دینار دروست کراوە، بینایەکەی دووقاتە و تەواوبووە، ھەموو بەشەکان لەخۆ دەگرێت و مۆدێرن دروست کراوە، ئێستا تەنیا پێویستمان بە میلاکە، بەڵێنی میلاکیشمان پێ دراوە، لە قۆناغی یەکەم ٥٠ کەس بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێت و ژمارەیەکی فەرمیشمان ھەیە، بەهەموویان دەتوانن نەخۆشخانەکە بەڕێوە ببەن. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی پڕۆژە و خزمەتکردن گرنگی زۆری بە قەزای سیدەکان داوە."
بڵند ئیبراھیم




