پڕۆژەیەکی ڕیسایکلینی ئاو لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان گوتی "لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان پڕۆژەیەکی گرنگ تەواوبووە، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، ئەویش ڕۆژانە ٨٠٠ مەتر سێجا لە ئاوی ئاوەڕۆ خاوێندەکاتەوە و بۆ ئاودانی پارکەکە بەکار دەهێنرێتەوە، ئەمەش کێشەی کەمئاوی بۆ ئاودانی پارکەکە چارەسەر دەکات."
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی ھاوبەشکاری نێودەوڵەتی نێوان ڕێکخراوی UNICEF و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەرۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر، پڕوژەی (تێکڕای خەرجی سفری ئاو) لە پارکی سامی عبدولڕەحمان جێبەجێکراوە، پروژەکە گەیشتووەتە قوناغی کوتایی و لە قۆناغی ئیشپێکردنی سەرەتاییە، ئەم پڕوژەیە بە جێبەجێکردنی بڕگەیەکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا دادەنرێت، ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیە و گرنگیەکەی بۆ پارکی سامی عبدولڕەحمان کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەیە لە ڕووی دابینکردنی ئاوی تایبەت بە ئاودان ڕووبەڕووی پارکەکە دەبنەوە، ئەویش بەھۆی دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێرزەوی تایبەت بە بیرەکانی ئەم پارکە و وشکبوونی چەند بیرێک لە ساڵانی ڕابردوو."
ئاری ئەحمەد گوتیشی "پڕۆژەکە کاریگەریی لەسەر پاراستنی ژینگە، زیندووکردنەوەی ڕووەک و دارەکانی پارک، بەھێزکردنی سیستەمی ئاودێری، بەڕێوەبردنی ئاو لە ناوچەکە، پاراستنی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و سەرچاوە سروشتییەکان هەیە."
دەشڵێت "دەتوانرێت ئەم پڕۆژەیە بە نمونەیەک بۆ پڕۆژەکانی زیندووکردنەوەی ژینگەیی لە ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان بەکاربھێنرێت، پڕۆژەکە لە توانایدا ھەیە ڕۆژانە ٨۰۰ مەتر سێجا لە ئاوی ئاوەڕۆ خاوێن بکاتەوە کە بۆ ئاودانی پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەکاردەهێنرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




