"بڕیارە پڕۆژەیەکی ستراتیژی ئاو لە بەردەڕەش جێبەجێ بکرێت"

بەردەڕەش -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی قەزای بەردەڕەش گوتی بڕیارە پڕۆژەیەکی ستراتیژی ئاو لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ بکرێت، ئاو لە زێی گەورە دەهێنرێت، چیتر پێویست بە بیر ناکات.
ئەندازیار ڕێبەر نازم خورشید "بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بڕیارە پڕۆژەیەکی ستراتیژی ئاو لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ بکرێت، لە زێی گەورە ئاو دەھێندرێت، شوێنی پڕۆژەکە دەکەوێتە سەرووی گوندی دالەڕێ لە سنووری قەزای بەردەڕەش، لەوێ لە ڕێگەی کۆگاکانی ئاو بۆ ھەموو قەزای بەردەڕەش و ناحیە و گوندەکان دابەش دەکرێت. ئەو پڕۆژەیە تەواوبێت تا ٢٥ ساڵی دیکە کێشەی ئاومان نابێت."
ئەندازیار ڕێبەر نازم خورشید گوتیشی "ئەگەر ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت چیتر پێویستمان بە ئاوی ژێر زەوی نابێت."
بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش گوتیشی "بەجدی کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکرێت، چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ دەست بە پڕۆژەکە بکرێت، بودجەیەکی باشی پێویستە، نزیکەی ٢٠٠ملیۆن دۆلاری دەوێت، بەڵام پڕۆژەکە کۆتایی بە کێشەی ئاوی سنووری قەزای بەردەڕەش دێنێت کە ئەمساڵ بەھۆی کەم بارانی سێ بیر وشک بوونە، ئاوی ١٥ بیری دیکەش کەم بووە و مەترسی وشکبوونیان لەسەرە."
بڵند ئیبراھیم




