د.ئه‌شواق جاف: پارتی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردن کردووە

سلێمانی-KDP.info- ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، پارتی ده‌ستی به ئاماده‌كاری كردووه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵی عێراق، ده‌شڵێ "خه‌ریكی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناوی كاندیدانی پارتین."
د.ئه‌شواق جاف، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، پارتیش ده‌ستی به ئاماده‌كاری كردووه بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵی په‌رله‌مانی عێراق، ئێستا مه‌كته‌بی ڕێکخستنی پارتی له پارێزگاكان خه‌ریكی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناوی كاندیدانیه‌تی، چونكه سیڤی وه‌رگیراوه و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو داوایان كردووه ببنه كاندیدی پارتی، به‌ڵام له‌ژێر دیراسه‌تدایه و پێویستی به پێداچوونه‌وه‌یه، دواتر پێشكه‌شی كۆمسیۆن ده‌كرێن."
ئه‌ندامەکەی سه‌ركردایه‌تی پارتی گوتیشی "پارتی وه‌ك هێزێكی گه‌وره و كاریگه‌ر، له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و كوردستان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵی عێراق بەشداری دەکات، جا داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی كێشه‌ی په‌نجه‌مۆریان هه‌یه یان به‌شدارنه‌بوونه له بایۆمه‌تری ده‌نگده‌ران، به‌شداری بكه‌ن و سه‌ردانی بنكه‌كانی كۆمسیۆن بكه‌ن."
د.ئه‌شواق جاف ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "هه‌رچه‌ندە ناوچه‌كه له‌بەرده‌م ئالنگارییه، به‌ڵام به‌پێی یاسا و ده‌ستوور پێویسته هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆی به‌ڕێوه‌بچێت، به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر هه‌ندێ ڕووداویش عێراق بگرێته‌وه ئه‌وه هه‌ڵبژاردن هه‌ر لە کاتی خۆی به‌ڕێوه ده‌چێت، چونكه هیچ ده‌رچه‌یه‌كی دیكه نییە جگه له به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، واته پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هیچ به‌دیلێكی دیكه‌ی نیه."
د.ئه‌شواق جاف ده‌شڵێت "له هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی عێراق ساڵی 2021 كێشه‌ی كه‌می به‌شداریی ده‌نگده‌ران هه‌بوو، هه‌رچه‌ند تێبینی زۆر له‌سه‌ر به‌شداری ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ر هه‌بوو، خه‌ڵك وه‌ك پێویست به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان نه‌كرد، به‌ڵام به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پرۆسه‌كه تێپه‌ڕی، ئێستا مه‌ترسی هه‌مان كێشه هه‌یه، بۆیە سه‌ركرده‌كانی عێراق زۆر جه‌خت له به‌شداریكردنی ده‌نگده‌ران ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه شەرعییەت وەربگرێت."
قائید میرۆ




