نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئەمریکا: سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گرنگ و تایبەتە

واشنتن-KDP.info- نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، سەبارەت بە سەردانی فەرمی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، وێنەیەکی بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، تیایدا باسی گرنگی سەردانەکە، دیدارەکان و تەوەرەکانی گفتوگۆ، بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان، پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پرسی وەبەرهێنان، کەرتی وزە، پرسی ئاسایش و فرەچەشنکردنی داهات لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا دەکات."
دەقی بەیاننامەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا:
بەیاننامەیەک دەربارەی سەردانی فەرمی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا
ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بە ئامانجی زیاتر بەهێزکردنی ئەو هاوبەشێتی و پەیوەندییە لەمێژینەیەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە.
لە میانەی سەردانەکەیدا ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی و ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و بازرگانی، لەم دیدار و کۆبوونەوانەدا جەخت دەکرێتەوە لەسەر بابەتەکانی پەیوەندار بە وزە، پەرەپێدانی ئابوری و سەقامگیری ناوچەکە.
هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی بەردەوامی گرنگی ئەمریکایە لە بواری ئاسایش و وزە.
ئەم سەردانە لە کاتێکی زۆر گرنگە بۆ دووپاتکردنەوەی پەیوەندی بەهێزی دووقۆڵی نێوان هەردوولا و گفتوگۆ کردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی سەرەکی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ.
ئەم سەردانە دەرفەتێکە بۆ دووپاتکردنەوەی گرنگی ستراتیژی هەرێمی کوردستان و دڵنیابوون لەوەی بەرنامە لەپێشینەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان زۆر بەشێوەیەکی ڕوون دانپێدانراون لە واشنتۆن.
ئامانج لە دیدارەکانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر قووڵکردنەوەی هەماهەنگی هاوبەشە، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستا لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاڵنگارییەکان لە جیهان و ناوچەکەدا.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە فراوانکردنی وەبەرهێنان و هەماهەنگییە لە بواری وزەدا، لە میانەی دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی ئەمریکا، ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر توانا ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرنامە فراوانەکانی بواری چاکسازی دەکاتەوە، ئامانج لە بەرنامەی چاکسازییەکان دروستکردنی ژینگەیەکی شەفاف و دۆستانەیە بۆ وەبەرهێنەران و هەمەجۆرکردنی سەرچاوە ئابورییەکان لە تەواوی کەرتەکان.
هەروەها بەڕێزیان باس لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن لەسەر چارەسەرێکی خێرا و بنیاتنەر دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموولایەک بکات و پشتگیری لە سەقامگیری ئابووری بکات.
ئاسایش و حکومڕانی تەوەرێکی تری سەرەکی سەردانەکە دەبێت، بەردەوامی هاوبەشێتی ئاسایش و سەربازی ئەمریکا زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ناوچەکە و دڵنیایی لە بەردەوامی هاوکاریی و پشتگیرییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
سەردانەکەی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی دیالۆگ و تێڕوانینە بۆ داهاتوو لەنێوان هاوبەشە متمانەپێکراوەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە فراوانکردنی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری درێژخایەن و دەرفەتی ئابووری و پەیوەندی بەهێزی دوولایەنە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان.
سەلاح جەلال




