٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: بەردەوام دەبین بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی یەکێتی ماموستایانی کوردستان گوتی "ئەمڕۆ لە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان و سەرجەم لقەکانی، یادی ٦٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایان بەرز ڕاگیرا، ئێمەش بەردەوام دەبین بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە، لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست و دواڕۆژێکی ڕوون بۆ گەلی کوردستان."

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ١٥ی ئایار ٦٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، بۆیە لە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان و سەرجەم لقەکانی ئەو یادە بەرز ڕاگیرا کە لە تەمەنی پڕ خەبات، تێکۆشان، قوربانیدانیدا لە کار و چالاکی پێشەنگ بووە بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و پارێزگاریکردن لە مافی مامۆستایان، ھەمیشەش ھەوڵی داوە بۆ بەدیھێانانی ئەو ماف و ئامانجانەی ھێشتا بەدی نەھاتوون، مامۆستایان سەرەڕای کۆسپ و تەگەرەکان سوورن لەسەر سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەکان، ئێمەش بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیان." 

ئەحمەد گەرمیانی گوتیشی "بەو بۆنە پیرۆزە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویست دەکەین و ھیوادارین گرنگی زیاتر لەلایەن ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە مامۆستایان بدرێت و کێشەی مووچەیان بە بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان نەبێت، هاوکات کاریش بکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پلە بەرزکردنەوە بۆ مامۆستایان دەست پێ بکاتەوە، ئەمەش مافێکی ڕەوای خۆیانە و داواکارین گرنگی زیاتر بە مامۆستایانی گرێبەست بدرێت و بکرێنە ھەمیشەیی، ھاوشێوەی مامۆستا هاوپیشەکانیان." 

دەشڵێت "یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ بەدیھێنانی ماف و داواکاری مامۆستایان و بە ئەرکی خۆشمان دەزانین پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا سەربخرێت، لە پێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندورست و دواڕۆژێکی ڕوون بۆ گەلی کوردستان." 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار