٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی نیشتمانیی (ڕووناکی) پەسەند کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی فیدراڵ دەبێت وەک قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات و شایستە داراییە دەستوورییەکانی ھەرێم لە بوودجەی گشتیی فیدراڵ، بێ کێشە دابین بکات بە تایبەتیش کە ھیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەماوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە (پـڕۆژەی ڕوونـاکی)، بـۆ دابینکـردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بۆ ھاوبەشانی تۆڕەکـانی کارەبـای نیشـتمانی، بە شــێوەیەکی فــراوان و بە بەردەوامــی و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارھێنــان و ڕێگــریکردن لە بەھەدەردان و ھاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتیی گشـتی و جێبەجێکردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن کەرتی گشتی و وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت.

بۆ ئەم بڕگەیەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، وێڕای وەزیری کارەبا، میوانداریی ھەردوو بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و دابەشکردنی کارەبای ھەرێم کرا بوو بۆ خستنەڕووی وردەکاریی پرۆژەکە و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەکان.

سەرۆکوەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پرۆژەیە کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەکی پەسەندکراوی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی ٢٠١٩ پەسەند کرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.

سەرۆکوەزیران، ئەم پرۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناوبرد، کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی ھاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لەپێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە کارەبادا.

سەرۆکوەزیران دووپاتیشی کردەوە کە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانییە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە ھێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتی ھەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی، ھەروەھا خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە ھاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن.

سەرۆکوەزیران داواشی لە ھاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەپێی پێویستیی خۆیان کارەبا بەکاربھێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارھێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھاووڵاتییان دەبێت و بەپێی بەکارھێنان پارە دەدەن، ئەمەش لەکۆتاییدا ھاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارھێنانەوەی داھاتی بەدەستھاتوو لە پاڵپشتیی زیاتری ھاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پرۆژەکە و فراوانکردنی، کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ ، تەواوی ھاوبەشانی ھەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی بیست و چوار کاتژمێری.

پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قازانجەکانی بۆ ھاووڵاتییان کرد، ھەروەھا ئاماژەی بەو چاکسازییانە کرد کە لە قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەکە ئەنجام درا، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نرخی تێچووی کڕینی کارەبا لەلایەن ھاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ ئاسانکاری، لەپێناوی خۆگونجاندنی ھاووڵاتییان لەگەڵ پڕۆژەکەدا.

دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پڕۆژەی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری (پـڕۆژەی ڕوونـاکی) و وردەکارییەکانی بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو بە مەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەبڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە ھەر بەگوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکھات، بۆ بەدوادچوون و ھەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەکە و سەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەمدەرامەتان.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ ھاوئاھەنگی و ھاریکاریی دەستەی ھاوبەشی وردبینی ھەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی ھاوبەشن لەسەر وردبینیی داراییی ھەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامبوونی ھاریکاری و ھاوئاھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە ھەمانکاتدا دووپاتی کردەوە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ وەکوو ھەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێت و بەشەبودجەی ھەرێم وشایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات، بە تایبەتیش کە ھەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاری و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسیی بێھاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفی جێبەجێ کردووە و ھیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە، تا بکرێتە بەھانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی ھەرێم کە مافێکی یاساییی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار