٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت: عێراق پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی ھاوئاھەنگی و ھاریکاری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا.

رۆژی دووشەممە ٥ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە پێکھاتبوون لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی.

سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی ھاوئاھەنگی و ھاریکاری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی لە بەرژەوەندیی گشت ھاووڵاتییان و پێکھاتەکانی عێراقدان".

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، دووپات لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوولەی کاڵاکان لەنێوان ھەموو ناوچەکانی عێراق و نەھێشتنی ھەر بەربەست و ئاستەنگێک لەو بارەیەوە کرایەوە.

زیاتر روونکراوەتەوە "گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و ھەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی ھێڵی ئاسنین کرا و دووپات لە بەشداری و سوودمەندبوونی ھەرێمی کوردستان و ھەموو ناوچە و پێکھاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە".

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان "مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە؛ پێویستە ڕێز لە سیستمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی ھەر لایەکی دەستنیشان کردووە".

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا؛ "عێراق لە ڕووی مادی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگە و تەنیا پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە ھەیە کە ڕێز لە مافەکانی ھەموو ناوچە و گشت پێکھاتەکانی عێراق بگرێت".

هەواڵی پەیوەندیدار