پارێزگاری قەزوین پێشوازیی لە پارێزگاری ھەولێر کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥.٤.٢٩، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و شاندێکی یاوەری، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی پارێزگای قەزوینی کرد و لەلایەن محەممەد نوزری، پارێزگاری قەزوین و جێگرانی پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی باڵای شارەکە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری قەزوین، وێڕایی بەخێرھێنان، جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و بە ھێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی ھەولێر و قەزوین کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ھەولێر، وێڕایی تەئکیدکردنەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەھێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی، ھیوای خواست بە ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتری بەڕێزیان، ڕێوشوێن و میکانیزمی پەیویست بە پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان ھەولێر و قەزوین، بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ.
پاشان بەفەرمی بانگھێشتی پارێزگاری قەزوینی کرد بۆ سەردانیکردنی ھەولێری پایتەخت و لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری قەزوین بە سوپاسەوە بانگھێشتنامەکەی قبوڵکرد.





