پەیامی سەرۆکی حکوومەت بەبۆنەی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا پابەندبوونی حکوومەت بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکاتەوە.
دەقی پەیامی مەسروور بارزانی بەبۆنەی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی:
لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا، پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی و دوور لە ناوزڕاندن و بەکارھێنانی زمانی زبر، پەیام و کاری ڕاگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن.
ھیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست بگێڕن و ھاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیریی چاکسازی و نەھێشتنی ھەڵە و کەموکورتییەکان.
ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز بێت و ئومێدی پێشکەوتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان




