"جەماوەری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد"

ئاکرێ -KDP.info- ئەمڕۆ جەماوەری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد، بەرپرسی لقی نۆی پارتیش دەڵێت "ھاتووین بۆ ئەوەی سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نوێ بکەینەوە."
د.مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ جەماوەری سنووری لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بە ژمارەیەکی زۆر وەکو کەرنەڤاڵێک سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان مەڵبەندی بەرخودان ولانەی شێران کرد، بۆ ئەوەی سۆز و پەیمانی خۆیان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و ھەموو شەھیدان نوێ بکەنەوە، ئەو ڕێبازەی ئێمەی فێری کوردایەتی، خۆڕاگری و بەرخۆدان کردووە، ئەو ڕێبازەی ئێمەی فێری مرۆڤدۆستی، پێکەوەژیان و ژینگەپارێزی کردووە."
د.مەردان خدر گوتیشی "ئەو ڕێبازە بووە ھۆی ئەوەی ئەمڕۆ کوردستان ئازاد و ئاوەدان بێت، لە سایەی ئەو ڕێبازە ئەمڕۆ لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بێنە پێشەوە، بۆیە وەکو نەریتێکی ساڵانە جەماوەری سنووری لقی نۆ ساڵ بەساڵ بە ژمارەیەکی زیاتر بۆ نوێکردنەوەی سۆز و پەیمان سەردانی مەزاری نەمران دەکەن."
ئەمڕۆ بۆ نوێکردنەوەی سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی زیاتر لە ١٨ھەزار ھاووڵاتی لە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش لە ھەموو چین و توێژەکان سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد.
بڵند ئیبراھیم




