سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان لەگەڵ ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی کۆبووەوە

ئەنتالیا-KDP.info- پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2025/4/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کارنامه‌که‌یدا له کۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت، ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی، کۆبووه‌وه.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمکاری عه‌ره‌بی تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر - به‌غدا، پێشهاته سیاسییه‌کانی عێراق و ناوچه‌که، گرنگیى پاراستنى سه‌قامگیری و به‌هێزکردنی دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ستایشى هه‌وڵه‌كانى کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ پاراستنى ئاشتی و سه‌قامگیری له ناوچه‌که كرد، هه‌روه‌ها ڕۆڵى به‌ڕێز ئه‌بولغه‌یت و كۆمكارى له لێكنزیككردنه‌وه‌ى بۆچوونى وڵاتانى ئه‌ندام، به ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند. لای خۆیەوە، به‌ڕێز ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌بی، به‌ره‌وپێشچوون و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له عێراق و ناوچه‌كه، به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا.




