"قایمقامی تازەی بەردەڕەش پلانی خۆی بۆ خزمەتکردنی دەڤەرەکە دەخاتە ڕوو"

دھۆک -KDP.info- قایمقامی قەزای بەردەڕەش ئیسماعیل مستەفا ڕەشید دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خانەنشین بوو، ئەمڕۆ قایمقامێکی تازە دەست بەکاربوو و دەڵێت "پڕۆژە تەواونەکراوەکان تەواو دەکەین و کەموکورتییەکانی قەزاکەش چارەسەردەکەین."
بڕوا فاڕووق، قایمقامی تازەی بەردەڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ بە فەرمیی وەکو قایمقامی قەزای بەردەڕەش دەستبەکار بووم، ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە بۆ من و شانازییە بتوانم خزمەتی خەڵکی قەزای بەردەڕەش بکەم، چونکە قەزای بەردەڕەش بۆ من نامۆ نییە، پێشتریش وەکو بەڕێوەبەری ناحیە کارم کردووە، دەزانم کەموکوڕییەکان چین، ھەوڵ دەدەم پڕۆژە تەواونەکراوەکان تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەتی ھاووڵاتییان."
بڕوا فاڕووق گوتیشی "جگە لەوەش پلان و بەرنامەیەکی دوورودرێژ دادەڕێژین و لەگەڵ پارێزگاری دھۆک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵدەدەین بەردەڕەش چی پێویستە ئەنجامی بدەین، چونکە لە ھاتنمان بۆ ئەو قەزایە ئامانجمان خزمەت کردنە."
دەشڵێت "لەمەودوا کاردەکەین بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان، کامەیان زۆر پێویستە ئەوانە چارەسەردەکەین و بۆ خزمەتکردنی قەزای بەردەڕەش ھەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ."
بڵند ئیبراھیم




