"لە چوار ساڵی ڕابردوو 80 هەزار زەوی کارت تاپۆ کراون"

هەولێر - KDP.info - بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "لە چوار ساڵی ڕابردوو هەشتا هەزار زەوی کارت تاپۆ کراون، پێم وایە کەمکردنەوەی ڕسومات لەسەر زەوی کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان هەبووە."
د.لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە چوار ساڵی ڕابردوو 80 هەزار پارچە زەوی لە کارتەوە کراونەتە تاپۆ، نزیکەی 10 هەزار پارچە زەوی کارت ماوە، ئەوانیش کاریان لەسەر دەکرێت بکرێنە سەنەد، ئەو زەویانەی ماون زیاتر لە قەزا و ناحیەکانن، ڕێژەیەکی زۆر کەم لەناو شارە گەورەکان ماوە، پرۆسەی تاپۆکردنیش بۆ ئەو زەویانەی پێشتر کارت بوونە بەردەوامە."
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێم گوتی "کەمکردنەوەی ڕەسمی سەر زەوی کاریگەری لەسەر جووڵەی بازاڕی زەوی پەیداکردووە، چونکە کاتێک حکوومەت ڕسوماتی سەر زەوی لە 3% کەمکردەوە بۆ 1%، کاریگەری لەسەر کڕین و فرۆشتن و بەناوکردنی زەوی کردووە."
د.لوقمان عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "بڕیارەکەی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی ڕسومات لەسەر زەوی، لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە، ئێستا بەهۆی بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەڵک زیاتر دێنە پێشەوە بۆ مامەڵەی زەویوزار، ئەوەش نیشانەی لایەنی ئەرێنی بڕیارەکەی حکوومەتە لەسەر هاووڵاتییان."
قائید میرۆ




