٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری ئەوقاف: ئومێدەوارین ئەم جەژنە ببێتە هاندەرێك بۆ تەبایی و یەكڕیزی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەكان و شارەزایانی فەلەكناسی، سبەی یەكشەممە 30ی 3ی 2025، یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیانی لیژنەی باڵای بینینی مانگی لە وەزارەتی ئەوقاف خوێندەوە و ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ شەممە 29ی 3ی 2025، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كۆبووەوە."

ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەمەش "دوای هەماهەنگیكردن لەگەڵ لیژنە لاوەكییەكانی سنووری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان و پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەكان و شارەزایانی بواری فەلەكناسی ڕایدەگەیەنین، كە سبەی یەكشەممە 30ی 3ی 2025، یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە."

بەوبۆنەیەوە، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی تێكڕای موسڵمانانی كوردستان و جیهان كرد و گوتیشی، "پیرۆزبایی ئەو جەژنە لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەكەین و دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئایینی دەكەین، كە لەماوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا لە هەموو كەس زیاتر ماندوو بوون بۆ خزمەتكردنی مزگەوتەكان و موسڵمانان."

گوتیشی، "ئومێدەوارین ئەو جەژنە ببێتە هاندەرێك بۆ تەبایی و یەكڕیزی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، كوردستان هەر ئارام و ئاوەدان و پارێزراو بێت و ساڵی دەستكەوتی زیاتر بێت بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان."

هەواڵی پەیوەندیدار