٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سکرتێری ئەنەکەسە بۆ KDP: دوای نەورۆز مژدەیەکی خۆش دەدەینە خەڵکی خۆمان

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی کۆبوونەوەمان لەگەڵ پەیەدە زۆر باش بوو و دوای جەژنی نەورۆز ڕێککەوتنی خۆمان ڕادەگەیەنین و لە سەرەتای مانگی چواریشدا شاندێکی ھاوبەشی ئێمە سەردانی شام دەکات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی سووریا لەبارەی مافەکانی گەلی کوردەوە.

محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئێمە وەکو ئەنەکەسە لەگەڵ پەیەدە، کە بە ئامادەبوونی لایەنی ئەمەریکی و مەزڵووم عەبدی بەڕێوە چوو، گفتوگۆ لەسەر  پاکێجی سیاسیی کورد کرا لەسەر ئاستی سووریا و هەروەها مافی کورد گفتوگۆ کرا و گفتوگۆکانیش زۆر ئەرێنی بوون و لە ماوەیەکی نزیکدا مژدەیەکی خۆش دەدەینە خەڵکی خۆمان و ئەو مژدەیەش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنە، کە دەکەوێتە دوای نەورۆز، بۆیە لەسەر دوو خاڵ ڕێککەوتووین، ئەوانیش بۆچوونێکی یەکگرتووی کورد و دروستکردنی شاندێکی ھاوبەشە، کە بچێتە شام لەبارەی مافی کورد، بۆیە لێکنزیکبوونەوەی باش ھەیە و ھەنگاوی باش نراوە، بێگومان کۆبوونەوەکەش ئەنجامی باشی ھەبووە.

ئیسماعیل گوتیشی، ئێمە لەمەودوا ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی سووریا دانوستان دەکەین، کە پێشتر لەگەڵ رژێمی سووریا بوو، بۆیە ئێستا دۆخەکە جیایە و دوای نەورۆزیش ڕێککەوتنی خۆمان ڕادەگەیەنین و شاندێکی ھاوبەش بۆ گفتۆگۆ لەگەڵ حکوومەتی سووریا دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی چواردا بچنە شام و گفتوگۆ لەگەڵ سووریا بکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار