٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاوە مەحموود بۆ KDP: دەرفەت بۆ کورد ھاتووەتە پێش و مەترسیش ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان پێی وایە، کورد دەرفەتی لە بەردەمە لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە، بەڵام مەترسیش ھەن، ھاوکات دەشڵێ، لەم قۆناغە پێویستمان بە یەکگوتاری ھەیە.

د.کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد، ھەروەھا ھەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدەر نابێت لەو گۆڕانکارییانە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانکارییەکان دەوەستێتە سەر بەرژەوەندی وڵاتانی زلھێز لە ناوچەکە و جیھان، ئەگەر لە سەدەی ڕابردوو شەڕی میلیشیا بووە بەڵام ئێستا سەرەڕای ھەبوونی سوپا و ھێزی وڵاتان، ھێز و گرووپی چەکدار لە جیھان و ناوچەکە پەیدا بوونە، شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیل لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو وەک نموونە.

لەبارەی کوردیش سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان پێی وایە، کوردستان دوورگەیەکی دابڕاو نییە لە ناوچەکە ئێمەیش کەوتووینەتە بەر گۆڕانکارییەکان، لەلایەک دەرفەت بۆ کورد ھاتووەتە پێش، لەلایەکی دیکە مەترسیش ھەیە، چونکە ئەگەر سوود لە دەرفەتەکە وەرنەگرین بێگومان بە مەترسی لەسەر ئێمە دەشکێتەوە.

د.کاوە مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئێستا کورد پێویستی بە یەکگوتاری و یەکگرتوویی ھەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کورد بەدەست خۆیەوەن، وەک باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا، پێداچوونەوە بە سیستەمی حوکمداری بە ئاراستەی باشتر بکرێت، ڕاستە ئێستا ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنی ھەیە، بەڵام لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، ئێمە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەیەکی سیاسی لەرزۆک دەکەین لە عێراق، لە باکووریش پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆ کۆتایی چارەسەری کێشەی کورد نییە! بەڵکو پێویستە کورد سوود لەو پڕۆسەیە وەربگرێت، چونکە پڕۆسەی ئاشتی دەبێتە وێستگەی یەکەمی ململانێ.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار