مەکتەبی سیاسی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٧٢) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەڕێزان / سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و هەڤاڵانی لێژنەی ڕاپەڕاندنی یەکێتیی قوتابیان کوردستان
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، یادێکی شکۆدار و گەشە لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان، یادی کاروانێکی پڕ خەبات و چالاکی و کاروکردار و کۆڵنەدانە، یادی توێژی زانستخواز و بەهرەمەند و دڵگەرم لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانمان و مافی ڕەوای قوتابیانە.
دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە (١٨ی شوباتی ١٩٥٣) ڕۆژێکی پڕشنگدارە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیمان و کاری ڕێکخراوەیی، هەروەها ئەو ڕێکخراوە یەکەمین سەکۆی ئازادی دەنگی قوتابیان بوو لە سەرتانسەری کوردستان. یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، وەک پێویستییەکی مێژوویی توێژی قوتابیان بۆ بەدیهێنانی خواست و ویستەکانیان دامەزرا، ئەو کاروانە پڕ شکۆیەش شایەتیی ئەو خەباتە نەپساوەیە دەدات، هەروەها بە بەرنامە و پلانی گونجاوی خزمەتێکی بەردەوامی قوتابیانی کردووە و بۆتە چرای هەمیشە ڕۆشنی زانست و پێشکەوتن.
گرنگی و بایەخ و سەنگ و دەنگی سەرجەم قوتابیان خۆی لەو ڕێکخراوە سڤیلە دەبینێتەوە، بۆیە لە ڕێگەی ئەو ڕێکخراوە و پەیامەکەی توانیویانە چەندین دەستکەوتی گرنگ بۆ ئەو توێژە بەدیبێنن و بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و هەر ئەو ڕەوتە نەسرەوتووەش قوتابخانەیەک بوو بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی دەیان سەرکردە و کادیری لێهاتوو و دڵسۆز.
ڕۆڵ و کاریگەریی توێژی قوتابیان لە هەموو هەلومەرج و بارودۆخێکدا گرنگ بووە، ئەمڕۆش ئەرکی ئێوە و هەموو چین و توێژەکانی دیکەی گەلەکەمانە پێگەی پیشەیی خۆیان بەهێز بکەن بۆ قووڵکردنەوە و پتەوکردنی گیانی بەرپرسیاریەتی و بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕۆشن و بەرهەمدار بۆ قوتابیان بە هەستێکی پاکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری.
لە (٧٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و ڕۆژی قوتابیانی کوردستاندا، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوە و کادیر و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان و گشت قوتابیانی کوردستان دەکەین و ، پشتیوانیی خۆمان بۆ یەکێتییەکەتان دووپات دەکەینەوە، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوودا بە پلان و بەرنامەی سەردەمیانە لە خزمەتی زیاتری بە قوتابیاندا بن.
سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە ڕێگەی سەرفرازیی یەکێتییەکەتان و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان گیانی خۆیان بەخشی.
سڵاو لە (٧٢) ساڵ تێکۆشان و خەباتی بەردەوامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٨ـی شوباتی ٢٠٢٥




