نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردون کۆبووهوه

میونشن-KDP.info- ھەر لە بەردەوامیی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەیمەن حوسێن عەبدوڵڵا ئەلسەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆچبەران لە شانشینی ئوردونی ھاشمی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئوردون و عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد، ھەروەھا تیشکیان خستە سەر چۆنیەتیی بەھێزکردنی ھاوکاریی ھاوبەش لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی ئوردونیی ھاشمی کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری ئوردون لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی ھەرێمایەتیدا کرد، ھەروەھا خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی ھاوکاریی ھاوبەش لەگەڵ ئوردون دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، ئەیمەن ئەلسەفەدی پابەندیی ئوردونی بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد، ھەروەھا جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و ھاوکاریی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ھەرێمایەتییەکان کردەوە.
پێشھاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.




