٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى بۆ یه‌كێتیى نووسه‌رانى كورد: وه‌ك هه‌میشه‌ هاوكار و پشتیوانتان ده‌بین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە تەواوی نووسەران دەکات و دەڵێت، له‌ قۆناخه‌كانى ڕابردوودا نووسه‌رانى كورد ڕۆڵى ئه‌رێنییان گێڕاوه‌، ئێستاش له‌ دۆخى ئه‌مڕۆدا، هه‌رێمى كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستى به‌ خامه‌ى نووسه‌رانه‌ كه به‌رپرسانه‌ و به‌ بیر و پره‌نسیپى جوان، ڕۆڵى خۆیان له‌ ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى و به‌رگریكردن له‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانى كوردستاندا بگێڕن.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

به‌ گه‌رمى پیرۆزباییى یادى په‌نجا و پێنج ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیى نووسه‌رانى كورد، له ته‌واوى نووسه‌رانى كورد له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن ده‌كه‌م، هیواى به‌رده‌وامیى پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم. ئاماده‌یى و ڕۆڵ و خزمه‌تى پیرۆزیان له‌ بره‌ودان به‌ زمان و وێژه‌ى كوردى، به‌رز ده‌نرخێنم.

نووسه‌رانى كورد هه‌میشه‌ دڵسۆزانه‌ له‌پێناو پاراستنى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیى كورد و كوردستان و بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى هۆشیار و پێشكه‌وتوودا، كار و خزمه‌تیان كردووه‌ و ڕه‌نجێكى زۆریان كێشاوه‌. ڕۆڵێكى به‌رچاویان له‌ قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوور و به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستاندا گێڕاوه‌. وه‌ك هه‌میشه‌ هاوكار و پشتیوانیان ده‌بین.

وه‌ك چۆن له‌ قۆناخه‌كانى ڕابردوودا نووسه‌رانى كورد ڕۆڵى ئه‌رێنییان گێڕاوه‌، ئێستاش له‌ دۆخى ئه‌مڕۆدا، هه‌رێمى كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستى به‌ خامه‌ى نووسه‌رانه‌ كه به‌رپرسانه‌ و به‌ بیر و پره‌نسیپى جوان، ڕۆڵى خۆیان له‌ ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى و به‌رگریكردن له‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانى كوردستاندا بگێڕن.

له‌م یاده‌دا سڵاو بۆ گیان و یادى ئه‌و نووسه‌رانه ده‌نێرین و به‌ ڕێزه‌وه‌ به‌بیریان ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو هێز و توانایانه‌وه‌ خزمه‌تیان به‌ وشه‌ و زمان و كولتوورى كوردى كردووه‌.

 

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2025/2/10

هەواڵی پەیوەندیدار