ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی مووچە

بەغدا -KDP.info- وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای ١٥ ڕۆژ کارکردنی بەردەوام، دواجار توانرا لەگەڵ بەغدا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
دەقی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری:
دوای ١٥ ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ھێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا ھەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ھاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٣ ی شوباتی ٢٠٢٥، لەبینای ئەنجومەنی ئابووری عێراق بەڕێوەچوو، شاندی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب)وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی ھەریەک لە بەڕێزان دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی ھەرێمی کوردستان لەبەغداد و خالید ھادی چاوشلی ڕاوێژکار لەئەنجومەنی وەزیران بەڕێوچوو، شاندی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە ھاوکار و ھەماھەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێککەوتن.
لەلایەکی ترەوە شاندی ھەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە ھاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی ھەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٥ )ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
شایانی باسە شاندی دانووستانکاری ھەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی ھەرێمی کوردستان ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچەو خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی ھەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.\
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
٣ی شوباتی ٢٠٢٥.




