٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.ڤیان سەبری: کاردەکەین بۆ ئەوەی سبەی یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دوای ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، سبەی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و ھەوڵدەدرێت ھەموارەکە پەسەند بکرێت." 

د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و ڕێککەوتن یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە، بەپێی ئەو دەقە ئەسڵییەی  حکوومەتی عێراق بۆ پەرلەمانی ناردووە، ئەوە پەسەند بکرێت بەبێ ئەوەی دەستکاری بکرێت، ھەموو فراکسیۆنەکانیش لەسەر ئەو دەقە ھاوڕابوون، ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پێی ڕازین کە تایبەتە بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان." 

د.ڤیان سەبری گوتیشی "بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، یەکێک لە خاڵەکانی کۆبوونەوە دەنگدان دەبێت لە بارەی ھەمواری یاسای بودجە، بۆیە کار دەکەین و ھەوڵی جدی دەدەین بۆ ئەوەی  ھەموارەکە پەسەند بکرێت، چونکە پێشتر خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگپێدانی ماوە، بۆیە گەشبینین بتوانین سبەی دەنگی لەسەر بدەین و پەسەند بکرێت، چونکە ئەو ھەمواری یاسای بودجەیە لە بەرژوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە." 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار