٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆ قادر بۆ KDP: پێویستە هەموو لایەنەکانی کوردستان پێشنیازەکانی سەرۆک بارزانی بە گرنگ وەربگرن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆ قادر، نووسەر و چاودێری سیاسی دەڵێ، سەرۆك بارزانی وەك ڕابەری گەلی كورد، لەم قۆناغەدا ئەركی كۆكردنەوە و ئاراستەكردن و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکانی کوردستان پێشنیازەکانی سەرۆک بارزانی بە گرنگ وەربگرن و یەكڕیز بین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا.

سەرۆ قادر، نووسەر و چاودێری سیاسی، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند، سەرۆك بارزانی لە قۆناغێكی گۆڕانكاری لە ناوچەكە و بزووتنەوەكانی كوردستان، پێشنیاز و ئامۆژگاری پێشكەش بە بزووتنەوە كوردییەكان لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان کرد و پێشبینیی خۆی لەسەر ڕووداوەكان ئاشكرا کرد.

سەرۆ قادر دەشڵێ، ئەركی سەرۆك بارزانییە، وەك ڕابەری گەلی كورد لەم قۆناغەدا ڕۆڵی كۆكەرەوە و ئامۆژگاریكەر و ڕێنیشاندەر ببینێت، کە بێگومان ئەوەی لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بێ، بێ فەرق و جیاوازی پێشنیازی دەكات.

ئەو نووسەر و چاودێرە سیاسییە ئاماژە دەدات، سەرۆك بارزانی دەستی خستە سەر ئەو گۆڕانكاریانەی دەبێت لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا ڕوو بدەن، چەك وەلاوە بندرێت و جیاوازییەكان بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، لەم كاتەدا هەموو حزبەكان لە باكوور و ڕۆژئاوا و باشوور لێك تێبگەن، تێبگەن لەوەی ئەگەری هەر ڕووداوێك بۆی هەیە ڕوو بدات، چونکە ئەگەر بە باشی خۆیان بۆ ئامادە نەكرێت، زیانی دەبێت، زۆر جار ڕەوتی ڕووداوەكان لە بەرژەوەندیی كوردە، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی باش ڕەفتار ناكەن و لێی تێناگەن، بۆیە بە زیان دەشكێتەوە.

سەرۆ قادر زیاتر گوتی، هیوادارین هەموو باڵە چەكداری و سیاسییەكان بە تایبەتی پەكەكە و یەپەگە لەوە تێبگەن، سەرۆك بارزانی لە بەرژەوەندیی شەخسی قسە ناكات، سەرۆكێكە لەناو ڕووداوەكاندا دەژیت و گەلەكەمان داخڵی فۆناغێكی نوێ بووە، هەموو ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن سەرباری ئەوەی هەڕەشەی تێدایە، ئەگەر بە باشی لەگەڵی بڕۆین لە بەرژەوەندیی كورد تەواو دەبێت، بە یاسایی و دەستووریبوونی مافی كورد لە دەوڵەتی نوێی سووریا، دامەزراندنی هەرێمێكی كوردی لە دیمەشق، کە تاكو ئێستا بە زمانی نەرم باسی چارەسەری پرسی كورد دەكات، لە باكووری كوردستان پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی توركیا دەست پێبكات و پەكەكە واز لە چەك بهێنێت و بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و گۆڕانكاری لە باوەڕی خۆیدا بكات، دەوڵەتی توركیا باوەڕی بەوە هاتووە لەگەڵ كورد لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت.

سەرۆ قادر، نووسەر و چاودێری سیاسی گوتیشی، سەرۆك بارزانی باسی لەوە كرد، کە هاوسەنگیی هێزی دەوڵەتەكان لە ناوچەكەدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دۆستەكانی كورد بەهێز بوون و كورد دوژمنی هیچ دەوڵەتێك نییە و دەرگای گفتوگۆی كراوەیە بۆ هەر ناكۆکییەک هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی عێراق و ئێران و توركیا و سووریای نوێ، كێشەی گەلەكەمان چارەسەر بكرێت، ئەو چوار دەوڵەتە ناتوانن چاو لە چارەسەری كورد لەناو خۆیاندا بپۆشن، سەرۆك بارزانی بە ڕوونی باسی كرد، سەرباری هەبوونی مافی كورد بۆ سەربەخۆیی و یەكگرتنەوەی نەتەوەیی، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ دروشمێكی سەربەخۆیی لە پارچەكانی كوردستان واقیعی نییە، بەڵام بەهێزكردنی مافەكانی گەلی كورد لە دەستووری سووریا و عێراق و گەیشتن بە ئامانجی باش لە نێوان كوردی باكوور و دەوڵەتی توركیا، گرنگە.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار