سەرۆك بارزانی سەردانی تۆڕی میدیایی كوردستانی كرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، سەرۆک مسعود بارزانی لە ھەولێر سەردانی تۆڕی میدیای کوردستانی کرد و لەلایەن سەرپەرشتیار و بەرپرس و کارمەندانەوە پێشوازیی لێکرا.
لە سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە کردنەوەی (کەناڵی شەمس) لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و کارمەندانی کەناڵەکە کرد و کردنەوەی کەناڵێکی جیھانی بەزمانی عەرەبی لە ھەرێمی کوردستان بە پێویستی و گرنگ وەسف کرد.
سەرۆک بارزانی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە کوردستان خاوەنی پرسێکی ڕەوایە و ھەتا ئێستاش وەک پێویست نەتوانراوە جیھان بە باشی لە ڕەوایەتی خواست و داخوازییەکانی کورد تێبگەیێندرێت، ھەبوونی کەناڵی جۆراوجۆر بە زمانە جیھانییەکان یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە دەتوانێت ئێش و ئازار و خواست و ڕەوایەتی ئەم دۆزە بە میلـلەتان و ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکانی جیھان بگەیەنێت.
ھەر لەچواچێوەی سەردانەکەیدا، کەناڵی شەمس دیدارێکی تایبەتییان لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا و لە دیدارەکەدا سەرۆک تیشکی خستەسەر چەند بابەتێکی ھەنووکەیی ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەکە بە گشتی بە تایبەتیش ئەو گۆڕانکاری و ڕووداوانەی بەم دواییە لە ناوچەکە ھاتوونەتە ئارا.
جێگەی ئاماژەپێکردنە دەقی دیدارەکە لەم نزیکانە لە کەناڵەکانی شەمس و زاگرۆس و کوردستان تیڤی بڵاودەکرێتەوە.




