حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

ھەولێر-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 13ی 1ی 2025، ڕاگەیەندراوێكی لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بردنی نەوت و گازی ئەو ناوچانە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە بڵاو كردەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەكەیە:
بەپێی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی فیدڕال بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکوومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.
چ پێش ئەم ڕێکەوتە، چ لەو بیست ساڵەی ڕابردوودا، سەرجەم حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە.
ئێستا حکوومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی ماددەی 140، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات.
بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115 ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی ڕەها و تاکلایانە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات.
هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن.
هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) ڕێکبکەوێت.
حکوومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم ڕێکەوتنانە بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستوورییەکانی خۆی دزیوەتەوە.
ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بەبێ ئەوەی ماددەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو ماددەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت.
حکوومەتی هەرێم بە مافی دەستووریی خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێت، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک.




